پشێوی نێو پەرلەمانی کوردستان؛ گوێنەدان بە بەها دیموکراسییەکان

28-05-2023
روەیدا مستەفا
نیشانەکردن پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
دیمەنی ئەم دواییەی مامەڵەی کۆنترۆڵنەکراوی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان شەرمەزاری بۆ ئەو دامەزراوەیە هێنا و هاووڵاتییان و چاودێرانیشی تووشی شۆک کرد. کاتێك ڤیدیۆی فڕێدانی کاخەز لەلایەن پەرلەمانتاران، مشتومڕی تووندیان و هاوارکردنیان بەسەر یەکتردا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، ئیدی روون بووەوە کە ئەو مامەڵەیە لاوازکردنی بنەمای بەڕێوەبردنی دیموکراسییە. لەوانەیە هەندێک بڵێن، شەڕی نێو پەرلەمان شتێکی تایبەت نییە بە کوردستان و لە وڵاتانی دیکەش روویداوە، بەڵام گرنگە لە تایبەتمەندی ئەم دۆخە تێبگەین. جیاواز لە نموونەکانی دیکە، دەنگە دەنگی نێو پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بوو کە ستوونێکی بنچینەییە و هیچ کات ناکرێت گومان بەرامبەر ئەنجامدانی دروست بکرێت. 
 
دامەزراندن و مانەوەی پەرلەمانی کوردستان گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە؛ گرنگییەک کە لە نوێنەرایەتیکردنی پارتەکانی کوردستان بەهادارترە. پەرلەمانی کوردستان سیمبوولی ئەو پێشکەوتنەیە کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە و ئاماژەیەکیشە بۆ بوونی دامەزراوەکان کە دەبێت تێیاندا رێز لە یاسا و پرۆتۆکۆلەکان بگیرێت. دەکرێت دوایین زنجیرەی پشێویی نێو پەرلەمانی کوردستان وەک هێرشێک بۆسەر دامەزراوەکە سەیر بکرێت؛ ئەو دامەزراوەیەی رەوایی بە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات. ئەو جۆرە مامەڵەیەی نێو پەرلەمانی کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر رەوایی و متمانەی هەموو چوارچێوە دیموکراسییەکەش دەبێت و لاوازی دەکات. 
 
رووداوەکە نابێت تەنیا لەبەر تێڕوانینی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بەرامبەری رەتبکرێتەوە. نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان زۆر باش ئاگاداری دۆخی نێوخۆ و، کێشە نێوخۆییەکان و کەمیی هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام رۆڵی ئەوان بریتی نییە لە نەهێشتنی ئەو هەڵانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بەڵکو رۆڵیان بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری و رێگەگرتن لە وڵاتەکانیان لەوەی نەبرێنە نێو ململانێکەوە. کاری لەپێشینەی ئەوان سەرخستنی دیالۆگ، ئاشتی و سەقامگیرییە، ئەوە لە کاتێكدا رێگریش لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆری دەکەن. چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان بەرپرسیاریێتی گەلی کوردستان خۆیەتی. 
 
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و خۆشگوزەرانە و لە بواری سامانە سرووشتییەکانیشدا زۆر دەوڵەمەندە، سەرەڕای هەبوونی کەموکورتییەکان، هەرێمی کوردستان لە سەر رێگەی گەشەیەکی گشتگیردایە و خاوەن دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەرییە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا دەنێت و ئەوەش لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی جیادەکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خاوەن سووپایەکی سەربەخۆ، سیستمی دادوەری و دامەزراوەی پەروەردەییە، هەرێمی کوردستان ئەو بناخەیەی هەیە کە بۆ پێشکەوتنی پێویستە، بەڵام سیاسەتمەدارەکانی خەریکی دەمەقاڵێی نێوانیانن، هاوشێوەی ئەوەی منداڵان لە گۆڕەپانێکدا دەنگەدەنگ لەگەڵ یەکدی دەکەن، لەجیاتی ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئەوەبێت سوود لە تواناکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و بەرەو پێشەوەی ببەن. 
 
جێگەی بێ ئومێدییە کاتێک ئەندامانی پەرلەمان دەبینین سەرقاڵی شەڕکردنن بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی پارتەکانی خۆیان لەجیاتی ئەوەی کاربکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راستگۆیانە نوێنەرایەتیی پێداویستی و ویستی خەڵکی بەگشتی بکەن. پەرلەمانتاران لەجیاتی ئەوەی خەریکی تیشکخستنە سەر پرسە گرنگەکانی وەک دەرفەتی کار بۆ گەنجان و رەخساندنی زەوینەی یەکسانی خوێندن بن، سەرقاڵی رکابەرایەتی نێوان پارتەکانن. ئەم جۆرە مامەڵەیە تەنیا نابێتە هۆی نەهێشتنی متمانەی خەڵک، بەڵکو دەبێتە هۆی درێژەدان بە بەڕێوەبردنێکی ناکاریگەر و ئەوەش دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی کوردستان، لە کاتێکدا کوردستان زۆر پێویستی بە پێشکەوتنە. 
 
دوایین دیمەنی پشێوی نێو پەرلەمانی کوردستان پەڵەیەکی خستە سەر وێنەی ئەو دامەزراوەیە و مەترسی لەسەر ئەو بەها دیموکراسییانە دروستکرد کە دەبێت بیانپارێزێت. پەرلەمانی کوردستان لەجیاتی ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ دیبەیتی بنیاتنەر، بووەتە سەکۆیەک بۆ پیشاندانی قبووڵنەکراوی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان و رکابەرایەتی نێوان حیزبەکان. گرنگە سیاسەتمەدارەکان هۆشمەندانەتر مامەڵە بکەن، خۆشگوزەرانی گشتی بکەنە کاری لەپێشینەیان و پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن بۆ ئەوەی بە تەواوی سوود لە سەرچاوەکانی کوردستان وەربگیرێت و داهاتوویەکی گەش بنیات بنرێت. ئەو کاتە کوردستان وەک لانکەیەکی دیموکراسی و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا گەشە دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.