گرنگیی هەڵبژاردن بۆ رەوایی دەسەڵات

27-06-2023
روەیدا مستەفا
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-
هەڵبژاردن ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە و میکانیزمێکیشە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هاونیشتمانیان ویستی خۆیان دەربڕن و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن. دەکرێت ئاستەنگ و کەموکورتی لە سیستمەکانی هەڵبژاردندا هەبن، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە هەڵبژاردن رەوایی بە دامەزراوەکانی حکومەت دەدات. بڕیاربوو یەک ساڵ لەمەوبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام نەکرا و ئەستەمە ئەم ساڵیش بکرێت، بەهۆی ئەوەی دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان ناکۆکییان هەبوو، دواییش دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. 
 
یەکەمین شت، با لە هەڵبژاردنی دواخراوی هەرێمی کوردستان وردببینەوە و شرۆڤەیەکی بکەین. سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر بەربەست، عێراق توانی سەرکەوتووانە هەڵبژاردنی پەرلەمان بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی شەش ملیۆن و 600 هەزار کەسە و دوو پارتی دەسەڵاتداری سەرەکیی تێدایە، نەیتوانیوە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکات. ئەم دۆخە نیگەرانی لەبارەی توانای هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە ئەزموونە دیموکراسییەکەی دروست دەکات. هەر دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی کارا پێویستی بەوەیە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنی بۆ بکرێت، چونکە هەڵبژاردن بناخەی نوێنەرایەتیکردنی دیموکراسییانە و پرۆسەی بڕیاردانە. ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت پابەندبوونی سەرەکیی خۆی کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا بەجێبگەیێنێت، ئەو کاتە پرسیار لەسەر راستی و دروستیی ئەو بڕوایەشمان دروست دەبێت کە بەو هەوڵدانەی بۆ سەربەخۆیی لە کوردستان هەبوو و، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە گشتپرسیی سەربەخۆییدا دەرکەوت.
 
هەڵبژاردن ئامرازێکی سەرەکییە کە دەکرێت لە رێگەیەوە بەها دیموکراسییەکان قۆناخ بە قۆناخ بچەسپێنرێن. بە تێپەڕبوونی کاتیش هەڵبژاردن لە بەرەوپێشبردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان رۆڵی دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو بەرەو پێشبردنە کەم کەمیش بێت. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و بە ئەسپاردەی راستەقینەی خەڵکیش حکومەت پشتئەستوور دەکات. راستە گەیشتن بە دیموکراسییەکی تەواو پێگەیشتوو، پێویستی بە کات و هەوڵی زۆرە، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش لە بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردنی ویستی گەل، گرنگە. 
 
هەرێمی کوردستان توانا و دەرفەتی ئەوەی هەیە پێگەیەکی کاریگەری لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەی هەیەتی، بەڵام لاوازکردن یان نەمانی دامەزراوەکانی و هەبوونی گومان لەبارەی رەوایەتییەکەی، زەنگی مەترسین. سیاسییەکان لەجیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە رژدانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، سەرنجیان لەسەر دەرکەوتنە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا و بۆنە سیاسییەکاندا. لەوەش زیاتر، بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای عێراق کە رایگەیاند درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە، زیاتر کاریگەری نەرێنی لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی لاوازبوونی ناسنامە و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و سەرەنجام دەبنە هەڕەشەیەک لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەگشتی. 
 
خەمساردی هاونیشتمانییان بەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە. هاونیشتمانییان کە بەدەست مەینەتی رۆژانەوە دەناڵێنن، متمانەیان بە دیموکراسی و ویستی بەشداریکردنی سیاسییان لەدەستداوە. نەبوونی متمانە بە ئەگەری گۆڕانکاریی واتادار لە ژینگەی ئێستا، چینی هەژاری بێدەنگ کردووە و بەشداریی گشتیی خەڵکیشی کەمکردووەتەوە. لەوەش زیاتر، سنوورداری ئازادیی میدیا بووەتە هۆی دیارنەمان یان چوونە دەرەوەی کەسایەتییە رەخنەگرەکان. کەمیی بەشداریی خەڵکیش لە کۆی ئەم پڕۆسەیەدا کاریگەری لەسەر رەوایی حکومەت دەبێت و پڕۆسەی دیموکراسیش لاواز دەکات. 
 
مەترسی ئەوە هەیە هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێک بڕوات هەڵبژاردنی تێدا نەکرێت و ئازادی رادەربڕینیش نەمێنێت. هەربۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بۆ رەوایی حکومەت ئێجگار گرنگە. هەڵبژاردن دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بنەما دیموکراسییەکان، هێز دەداتە رەوایی دامەزراوەکان  و لە رێگەی ئەسپاردەی خەڵکیشەوە حکومەت پشتئەستوور دەکات. هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی تاوەکو رادەیەک سەرکەوتووە لەنێو عێراقدا و دەبێت کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەهێڵدرێن. 
 
نابێت بە هیچ ئارگیومێنتێک رازی بین کە گوایە هۆکارێکی رەوا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەیە. دەتوانین چاو لە تورکیای دراوسێمان بکەین، کە سەرەڕای ئەو بوومەلەرزەیەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار هەزار هاووڵاتیی، هەڵبژاردنی تێدا کرا.   
 
تەواوی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کە لە هەرێمی کوردستانن، لەنێویاندا یونامی، داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات و رێز لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بگرێت. ئەگەر گوێ لەم دەنگانە نەگیرێت و ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان لە لاوازبوون بەردەوام بێت، ئەوا زۆر کەم هاوپەیمان ئامادەدەبن یارمەتی و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەن. هۆکاری ئەو هەڵوێستەی ئەوانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە هیچ رێزێکمان بۆ ئەوان پیشان نەداوە، ئەوەش لە رێگەی بایەخنەدان بە بەها هاوبەشەکانمان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.