کوردستان چۆن ئابوورییەکەی بپارێزێت؟

22-03-2020
گۆران شێخ مستەفا
نیشانەکردن کوردستان ئابووری
A+ A-
 
بەهۆی رێکارەکانی خۆپاراستن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان، هۆتێل و چێشتخانە و هێڵەکانی گواستنەوە و کارگە و دامەزراوە فەرمی و کۆمپانیا و کەرتی تایبەت داخراون، ئەمەش رەنگە ئابووری کوردستان بەرەو دۆخێک ببات کە ببێتەهۆی بێبازاڕی و ناسەقامگیری لەبازاڕدا و دواجاریش قەیرانێکی دیکەی ئابووری، هەڵبەتە ئەمە بەستراوە بەماوەی چالاکبوونی ڤایرۆسەکە و نرخی نەوتەوە.
 
هەرێمی کوردستان کەهێشتا ئابوورییەکی لاوازی هەیە بەهۆی پشتبەستن بەداهاتی نەوت و پشتبەستن بە بەغدا، رەنگە بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی سیاسەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر ئابووری کوردستان، هەروەها دابەزینی بەهای نەوت، توشی لاوازبوون و داكشانی ئابوری ببێت.
 
دامەزراوەی بازرگانی و گەشەپێدانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCTAD) زیانەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەر ئاستی جیهان تاوەکو ئێستا بە یەک تریلیۆن دۆلار مەزەندە کردووە، بەڵام دابەزینی خێرای نرخی نەوت هۆکارێکی سەرەکی بوو لەزیادکردنی نیگەرانییەکان و کاریگەرییە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەجیهاندا.
 
دابەزینی خێرای نرخی نەوت جگە لەجەنگی نەوتی نێوان سعودیە و رووسیا، کەمبوونەوەی خواستە لەسەری بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەجیهاندا و ئێستا بەهۆی لیکەوتەکانی ڤایرۆسەکەوە لەسەر ئابوورییەکەی، لەمانگی رابردووەوە بەریژەی زیاتر لە 20٪ نەوتی کەمتر هاوردەدەکات. دابەزینی نرخی نەوت لەسەردەمی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر ئابووری ئێستا و داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانیش. ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەهەناردەکردنی نەوتەوە دەستیان دەکەوت، ئێستا بۆ کەمتر لەنیوە دابەزیووە.
 
بەهۆی ئەوەی جیهان سەرقاڵی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە و دەرهاویشتە ئابوورییەکانیەتی، ئەستەمە وڵاتان قەرز بەعێراق و هەرێمی کوردستانیش بدەن. هەرچی تایبەت بەسندووقی دراوی نێودەوڵەتیشە، بەهۆی پابەندنەبوونی عێراق بە مەرجەکانی ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابووری و کەمکردنەوەی پستبەستن بەنەوت بۆ وەرگرتنی نزیکەی 5 ملیار دۆلار قەرز لەساڵی 2016دا، پێناچێت جارێکی دیکە قەرز بەعێراق بدەن. کە واتە دۆخەکە لەئەگەری مانەوەی نرخی نەوت بەم ئاستەی، مەترسیدارتر دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان. 
 
بەڵام یەکێک لەسودەکانی ئابوورییە قەبارە بچووکەکان ئەوەیە لەکاتی قەیران و ناسەقامگیری ئابووریدا کەمتر کەریگەردەبن، هەروەک ئەوەی لەکاتی گەشەی ئابووریدا بەراورد بە ئابوورییە قەبارە گەورەکان، کەمتر سوودمەند دەبن. 
 
هەرێمی کوردستانیش جگەلەوەی ئابوورییەکی قەبارە بچووکی هەیە، دەرفەتی گەشەی ئابووری زیاتری هەیە بەراورد بەبەغدا، بەگرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنیش رەنگە ئاسانتر لەقەیرانەکە دەربازببێت. بەڵام پێویستە بەڕوونی ئەوە بوترێت پاراستنی ئابووری کوردستان بەتەنیا ئەرکی حکومەت نییە و بەتەنیاش سەرکەوتوو نابێت، پێویستە خاوەنکار و وەبەرهێنەران و بانکەکانیش هاوبەشی پلانە ئابورییەکان بن.
 
هەرێمی کوردستان چۆن رووبەرووی ئەو قەیرانە چاوەڕوانکراوە ببێتەوە؟
 
یەکەم: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییە ئابورییەکانی سیاسەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، بۆ ئەوەی کەرتە ئابورییە زیانپێکەوتووەکان بپارێزێت.
 
دووەم: سیاسەتی ئابووری کورتخایەن بۆ رووبەڕووبونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنها چارەسەری کاتین چونکە لە ئایندەدا تووشی هەمان گرفت دەبینەوە، باشتر وایە چارەسەرەکان بۆ ماوەی درێژخایەن بن.
 
سێیەم: پێویستە خاوەنکار و سەرمایەداران ئاگاداربن لەمەترسییەکانی داکشانی ئابووری، باشترین چارەسەر داڕشتنەوەی ئەولەویاتی پرۆژەکانیانە لەگەڵ هاوبەشیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرووبەڕووبوونەوەی قەیرانکە.
 
چوارەم: پێویستە حکومەت خەرجیە ناپێویستییەکانی کەم بکاتەوەو لەبەرامبەردا خەرجییەکانی وەبەرهێنان بەگرتنەبەری سیاسەتی فراوانکردنی خەرجییەکان (Expansionary Measure) زیادبکات. رەنگە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ببێتەهۆی درەنگ دەرکەوتنی قەیرانەکە و سوککردنی لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی. گرتنەبەری ئەم سیاسەتە باشترە لەوەی حکومەت چاوەڕێبکات تاوەکو قەیرانەکە رووبدات و پاشان رووبەڕووی ببێتەوە. 
 
پێنجەم: فاکتەرێکی دیکە کە دووبارە رۆڵی لەکەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە هەیە، کەمکردنەوەی باجە. ماوەیەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی، باج و رسووماتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە. باشتروایە لەپاڵ سیاسەتی فراوانکردنی خەرجییەکان، وەک هاندانی کەرتی تایبەت باج و رسوومات کەمبکرێتەوە.
 
شەشەم: پێویستە حکومەت هانی بانکەکان بدات نرخی سوودی بانکی کەمبکەنەوە، بەجۆرێک هاندەربێت بۆ دامەزارندنی کار و بزنسی نوێ.
 
حەوتەم: بۆ حکومەت و وەبەرهێنەرانیش باشترین دەرفەت بۆ وەبەرهێنان لەم دۆخەی ئێستا تەندروستی و بیمەی تەندروستییە (هێشتا دەرفەتی دیکەش زۆرن). کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان (گشتی و تایبەت) بەئیستاشەوە جێی متمانەی هاووڵاتیانی کوردستان نەبووە. ئەگەرچی ئەو سەرکەوتنەی تاوەکو ئێستا لەرووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا بەدەستهاتووە وەک موعجیزەیەک دەردەکەوێت و جێگای دەستخۆشی و پێزانینە، بەکۆنتڕۆڵکردن و کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە ئەو موعجیزەیەش بەتاڵ دەبێتەوە. بیمەی تەندروستی سەرچاوەیەکی پڕ قازانجە لەجیهاندا و حاڵی حازر دەرفەتێکی باشە بۆ وەبەرهێنان لەکوردستان.
 
هەشتەم: بەردەوامی حکومەت و رێکخراوە خێرخوازییەکان لەپشتیوانی و پاراستنی ئەو خێزانانەی پشت بەداهاتی رۆژانە دەبستن (Vulnerable People)، جێی دەستخۆشییە. پێشکەشکردنی سەبەتەی خۆراکی کاریگەرە، بەڵام کاریگەرتر دەبێت گەر هاوکارییەکان راستەوخۆ لەشێوەی پارەی کاش بێت.
 
نۆیەم: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دۆخەی ئێستا نەوت بەپارەی پێشوەختە نەفرۆشێت، هەروەها فشارنەخاتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت چونکە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەم نزیکانە هەیە. لەوەتەی راگەیاندنی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، چاوەڕێدەکرێت چین بەخێرایی چالاکییە ئابوورییەکانی دەستپێبکاتەوە، بەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە بەڵام لاوازتر لەخێرایی دابەزینەکەی.
 
هۆکارێکی دیکە، ئەگەری رێککەوتنی ناچارییە لەنێوان رووسیا و سعودیە لەلایەک، ئەمریکا و چین لەلایەکی دیکەوە و هەروەها جەمسەرە گەورە ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا چونکە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەیەکسانی بەسەر ئابووری جیهاندا دابەشبووە، ئەو رێوشوێنە ئابوورییانەی وڵاتان بەجیا دەیگرنەبەر کاریگەرنابێت ئەگەر هاوبەشی و پابەندی وڵاتانی دیکەی لەگەڵ نەبێت.
 
هۆکارێکی دیکە بۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوەیە، ئەو وڵاتانەی پشت بەبەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی دەبەستن ناتوانن بەردەوام بن لەبەرهەمهێنانی ئەوجۆرە نەوتە بەهۆی بەرزی تێچووەکەی. بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەی لەخوار نرخی 50 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک زەرەر دەکات، ئەمەش کورتهێنانێک لەبازاڕدا دروست دەکات کەناچاردەبن بە هاوردەکردنی نەوت پڕی بکەنەوە. 
 
ئەو رێکارانەی تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی هاووڵاتیان گرتویەتیەبەر، جێی دەستخۆشیە چونکە دواجارسەرمایەی مرۆیی گرنگترین سەرچاوەکانە. کارێکی باش دەبێت گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپاڵ کارکردن لەسەر سیاسەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، راهێنان و خولی فێرکاری بۆ هاووڵاتی خۆبەخش بکاتەوە بۆ هاوکاری تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری رووداوی نەخوازراو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە