لە رووی کردەییەوە، رژێمی ئێران دەستی بە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی کردووە بۆ فراوانکردنی مەودای جەنگەکە. ئەمەش لە رێگەی کردنەوەی دوو بەرەی نوێی سەربازییەوە دەردەکەوێت: یەکەمیان لە باشووری دەریای سوور، کاتێک حوسییەکان هەڕەشەی داخستنی گەرووی "بابولمەندەب" دەکەن.
دووەمیشیان لە باکووری کەنداوی عەرەبی، لە رێگەی ئەو هەڕەشە راستەوخۆ و لەناکاو و بێپێشینانەی ئاڕاستەی کوێتی دراوسێی دەکات.
لە راستیدا مەترسیی ئەم گۆڕانکارییانە ئاسایشی سەرلەبەری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. تاران شەڕەکە بۆ ناو خاکی وڵاتانی دراوسێ و رێڕۆ ستراتیژییەکان دەگوازێتەوە و بەرەی نوێ دەکاتەوە، ئەم رەفتارانە ئاڕاستەیەکی ستراتیژین کە پڕۆژە سەربازییەکەی ئێران دەیان ساڵە کاری بۆ دەکات؛ پڕۆژەیەک لەسەر بنەمای فراوانخوازی و کۆنتڕۆڵکردنی جیۆپۆلیتیکی دامەزراوە.
ئەو پەیامانەی لە لایەن دەزگا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاو دەکرێنەوە، شایانی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردنن. بۆ نموونە هەڕەشەکانی دژی کوێت، رێک لەو پەیامانە دەچن کە رژێمەکەی بەغدا پێش داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990 بڵاوی دەکردنەوە. تاران بوونی هێز و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە کوێت دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردن؛ لە کاتێکدا ئەم هێزانە تەنیا بۆ رێگری لە هەر هێرشێکی دەرەکی جێگیر کراون.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: کوێت و وڵاتانی کەنداو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا دەکەن؟ بێگومان رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە لە توانای دەوڵەتێک بە تەنیا گەورەترە. ئەمە پێویستیی بە بونیادنانی بەرەیەکی یەکگرتووی هەرێمی هەیە کە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی پاڵپشتی بکات. واشنتن دەتوانێت هێڵە سوورەکان بە روونی دیاری بکات و دووپاتی بکاتەوە کە ئاسایشی کەنداو بەشێکە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی. ئێران تەنیا بە هەڕەشەی زارەکی و پۆست و گوتاری هەڕەشەئامێز نەوەستاوە، بەڵکو چەندین جار دامەزراوەکانی ئاو و کارەبای کوێتی بە مووشەک پێکاوە و هەڕەشەکانی بۆ سەر بەحرێنیش فراوانتر کردووە.
وا دیارە تاران دەرکی بەوە کردووە کە بە تووندبوونی گەمارۆی دەریایی و ئەگەری فراوانبوونی هێرشەکانی ئەمریکا، چیدی ناتوانێت تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار بەکاربهێنێت. بۆیە دەیەوێت کارتی جێگرەوە بەرهەم بهێنێت؛ لەوانەش گۆڕینی "بابولمەندەب" بۆ ناوەندی گوشار و سەپاندنی واقیعێکی ئەمنیی نوێ لە باکووری کەنداو. تاران بۆ ئەوەی وەک دەوڵەتێکی دەستدرێژکار دەرنەکەوێت، زیاتر پشت بە بریکارە هەرێمییەکانی دەبەستێت.
سەرکردایەتیی ئێران لە ژێر گوشاری هاوکێشە ناوخۆییەکاندایە؛ دەترسێت هەر هەستکردنێک بە شکست ببێتە هۆی لەرزینی پێگەکەی لە ناوخۆدا. لەگەڵ هەوڵی حوسییەکان بۆ شێواندنی کەشتیوانی، پێدەچێت هێزە یەمەنییەکان و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن.
وەڵامدانەوەی ئەم هەڕەشانە مەودای دیپلۆماسیش دەگرێتەوە، چونکە وڵاتە زلهێزەکانی وەکو چین، هیندستان و وڵاتانی ئەورووپا بەرژەوەندییان لە ئازادیی کەشتیوانیدا هەیە و هەر گەمارۆ و ناجێگیرییەک زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت. هەر بۆیە هەر جووڵەیەکی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی حوسییەکان، دەکرێت کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیی لەسەر بێت.
لە کۆتاییدا، بنیادنانی ئەم بەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییە بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی. ئێران نایەوێت تەنیا قەیرانێکی کاتی بەڕێوەببات، بەڵکو هەوڵ دەدات نەخشەی ستراتیژیی ناوچەکە بەپێی دیدگایەکی نوێ بکێشێتەوە. لێرەوەیە کە ئیدی گفتوگۆ تەنیا لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی ئەو سیستمە هەرێمییەیە کە دوای شەڕ دروست دەبێت.



