چاوەڕێدەکرێت کاریگەرییە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لەڕووی کاتەوە درێژتربێت لەکاریگەرییە تەندروستییەکانی. رەنگە لەئەنجامدا ببێتە قەیرانێکی دیکەی ئابووری لەجیهاندا هاوشێوەی ساڵی 2008. پرسیاری سەرەکی لەتێگەیشتن لەکاریگەرییەکانی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە، ئایا دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری؟
پەتای کۆرۆنا سێ جەمسەری گەورەی ئابووری تووشی شۆک کردووە، ناسەقامگیری لەئەمریکا، لەئاسیا و ئەوروپا گەشەدەکات بەمەش بازاڕی پشکەکەن لە ساڵی 1987ـەوە دابەزینی وای بەخۆوە نەبینەوە.
جەیمس فریمان، گەورە راوێژکاری پێشووی ئابووری سەرۆک ئۆباما، کەهاوکات کاراکتەرێکی سەرەکی روبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ساڵی 2008 بوو، دەڵێت "ئەوەی ئێستا روودەدات، مەترسیدارترە لەقەیرانی ئابووری ساڵی 2008"، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا پەتای کۆرۆنا دەبیتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری، سەرەتا پێویستە بزانین قەیرانی ئابوری چۆن دروسدەبێت:
قەیرانی ئابووری، بەشێوەیەکی گشتی دەرئەنجامی ناسەقامگیرییە لەبازاڕەکاندا. لەدۆخی ئێستا بەهۆی ترسی خەڵک لەنەخۆشکەوتن یان نەخۆشدەکەون و لەنەخۆشخانەکان و ماڵەکانیان دەمێننەوە، وادەکات خاوەنکارەکان نەچنە سەر کارەکانیان و کڕیارەکانیش نەچن بۆ بازاڕکردن، بەمەش دۆخێک لەناچالاکبوونی ئابوری سەرهەڵدەدات.
ناچالاکبوونی ئابووری، واتە داڕمانی پرەنسیپەکانی خواست و خستنەڕوو. لەدۆخێکی وەک ئێستا گرفت لەسەرخواست هەیە، بەڵام خستنەڕوو تووشی شۆک بووە بەوەی خەڵک ناچێتەسەر کارەکەی، خاوەنکار کاڵاکەی ناخاتەڕوو، خەڵك ناتوانێ هاتوچۆو گەشت بکات.
ئەگەرچی هێشتا نازانین گرفتەکە چەند قوڵە و دەرهاویشتەکانی چەند دەخایەنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانێکی گەورە بەربازاڕی کاخەزە داراییەکان کەوتووە، نرخی نەوت بەخێرایی دابەزی، پیشەسازییەکانی سینەما و وەرزش بەتەواوی راوەستاون و پەکیان کەوتووە، گەشتە ئاسمانییەکان زۆربەیان راوەستاون، کۆمپانیاکانی گواستنەوە، هۆتێل و چێشخانە و شوێنە گەشتیارییەکان دادەخرێن یان سەردانکەریان نییە.
لەڕووی پرەنسیپەوە ئابووری مۆدێرن لەسەربنەمای پەیوەندی (Connection) دامەزراوە نەوەک دابڕاندن (Isolation)، حاڵی حازر سنورەکان تۆخکراونەتەوەو ئازادی هاتووچۆ سنووردارکراوە، بەمەش پرەنسیپەکانی لیبراڵیزەیشن و جیهانگەرایی لەمەترسیدان، کەبنەمای سەرەکی ئابووری مۆدێڕنن.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا زیانەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، قەبارەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەیوەستە بەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی لەجیهاندا. بەڵام ئەوەی بەتەواوی دەستنیشانی قەبارەی کاریگەرییەکە دەکات، سێ هۆکارە کە رۆلیان لەدەستنیشانکردنی ئاستی ناسەقامگیرییەکە هەیە، ئەوانیش: یەکەم، خودی نەخۆشییەکە. دووەم، چۆن نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر ئابووری دروستدەکات. سێیەم، چۆن سیاسەت و رووبەڕووبونەوەکانی نەخۆشییەکە کاریگەرییان لەسەر ئابووری هەیە.
مەترسی گەورەی سیاسەت داڕێژەرانی ئابووری ئەوەیە کە ناتوانن بەر بە دەرهاویشتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرن، بەڵکو تەنها دەتوانن سنوورداری بکەن، ئەویش تەنها بەسنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە پەیوەستە. کەواتە لەئەگەری درێژبوونەوەی ماوەی چالاکی ڤایرۆسەکە، کاریگەرییەکان لەسەر ئابووری جیهان قوڵتردەبێتەوە، بەمەش چاوەڕێدەکرێت قەیرانێکی دیکەی ئابووری رووبەڕووی جیهان ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ