بە درێژایی ئەم 10 ساڵەی رابردوو بەردەوام سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی دیار، چاکەخواز و ئامادەی نێو گۆڕانکاری و قەیرانەکانی نێوخۆی کوردستان و دەڤەرەکە بووە. هەندێک جار رۆڵی یەکلایکەرەوەی بینیوە لە چارەسەرییەکاندا، بەتایبەتی لە ناوخۆی کوردستان دا هەوێنی ئاشتەوایی، تەبایی، ئارامی و لە هەمووی گرنگتر دوورخستنەوەی شەڕ بووە لە باشووری کوردستان، بەردەوامیش قسە و هەوڵی خێری هەبووە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دا.
لە کاتی گشتپرسی دا کە بە بڕوای من گەورەترین بەرد بوو لە مێژووی سەت ساڵی رابردوودا، کورد توانی بەرزی بکاتەوە، هەرچەند بەهۆی بەربەستە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان و دووژمنایەتی راستەوخۆی نەیارانی کورد، نەتوانرا بهاوێژرێت، بەڵام گرنگ بوو کورد توانی تلێکی پێبدات، ئاخر بەدرێژایی مێژوو وایان لە کورد گەیاندبوو، کاتێک باسی سەربەخۆیی دەکرێت یان هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵدەهێنرێت، ئەو پەندە بیری کورد دەخنەوە کە دەڵێت: هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنەیەتی! بەڵام خۆ دەکرێت تلێک بەو بەردە زلە بدەیت یان خلۆری بکەیتەوە، بەڕاستی گشتپرسیش وابوو، لووتبەرزیی داگیرکەرانی شکاند، هەروەها هەستی خۆبەکەمزانینی کوردی پەرتکرد.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە بەکارخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و شەخسییەکانی خۆی توانی ئەو بەستەڵەکە بتوێنێتەوە کە نەیارانی کورد لە چوار لاوە کوردیان پێ لە قاڵب دابوو، دەستیان خستبووە بینەقاقای، دەیانویست بیخنکێنن، ئەوە گۆڵێکی زێرین بوو کە نێچیرڤان بارزانی لەکاتی تەوابوونی یاریەکەدا کردی، توانی هاوکێشەکان یەکسان بکاتەوە، دەروازەیەکی نوێ بە رووی باشووری کوردستان دا بکاتەوە، تاوەکو رادەیەکی زۆر لەو قەیرانە رزگاری بکات و بیخاتەوە سەر راستە رێگەی ژیان. دیارە لەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە دا کە سەت ساڵە پڕە لە ئاشووب، هەروەها بەسەر بەرەی جیاواز و دژ بەیەکدا دابەشکراوە، ئەو کارەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کردی، کارێکی ئاسان نەبوو. ئەمەی من باسی دەکەم هەندێک شتن کە بە چاوی خۆمان ئەنجامەکەمان بینیوە، ئاخر خۆ کورد و وڵاتەکەی سنووریان بە سوێد و نەرویجەوە نییە یان کەنەدا، ئێمە لە گێژاوێکدا دەژین بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەدایە بە مۆدێلێکی خراپتر لەوەی پێشووتری، ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە هێشتا خەڵک لەسەر ناوی عەلی و عومەر یەکتری سەردەبڕن، هێشتا کورد بەسەری مارەکە دەزانن و هەمووان دەیانەوێت سەری پان بکەنەوە، بۆیە ئەوەی کە من لەسەر سەرۆک نێچیرڤان دەیڵێم بەڵگەن، فاکتن، نابێت کورد بە هەند وەریان نەگرێت!
رۆڵی کاک نێچیرڤان لە هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی نێوان کورد و کورد خۆی، هەروەها کورد و ئەوانی دیکە زۆر گرنگە. لەو ماوەیەدا یەک دوو کاژێرێک لەگەڵ کەسایەتییەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و تاوەکو رادەیەکیش نزیک لە کاک نێچیرڤان دانیشتنێکم هەبوو، باسی کێشەکانی پارتی و پەکەکە کرا، لەو پەیوەندیەدا باسی کۆبوونەوەیەکی (10 ساڵ پێش ئێستا) لە نێوان کاک نێچیرڤان و کاک مراد قەرەیلان و هەندێکی بەرپرسی دیکەی ئەو دوو حیزبەی کرد کە لەمەڕ کێشەکانی رۆژئاوای کوردستان و بابەتی دیکەوە رێکخرابوو، دەیگوت هەندێک جار بابەتەکان دەگەیشتنە بەربەست، بەڵام سیاسەتی کاک نێچیرڤان و نەرمی نیشاندان و ئەو ئاراستەیەی ئەو لە گفتوگۆکەدا گرتبووەبەر، وای دەکرد گفتوگۆکان بەردەوام بن، هەرچەند دواتر شەڕی داعش و خۆتێهەڵقورتاندنی ئەملاوئەولا، وایان کرد ئەنجامەکە وەکو هەوڵەکانی کاک نێچیرڤان نەبن، (دیارە لەو کۆبوونەوەیەدا کە کات و شوێن و ناوی بەشداربووانی بۆ باس کردم زۆر بابەتی دیکە باسکراون کە لێرەدا کەڵکی گێڕانەوەیان نییە).
لە پرۆسەی ئاشتی باکووری کوردستان دا رۆڵی مام جەلال دیار و بەرچاوە، بەڵام شایەتحاڵەکان رۆڵی کاک نێچیرڤان بارزانی بەرز دەنرخێنن، چونکە لەگەڵ هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو دۆستایەتی هەیە و هەردوولاش رێز لە بیروڕاکانی دەگرن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت، هەر دەبێت واش بێت کە لەو پرۆسەیەی ئێستا دەستی پێکردووە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رۆڵی مێژوویی خۆی دووبارە بکاتەوە، پەیوەندییەکانی بخاتە خزمەتی ئاشتییەوە کە لە ئەنجام دا هەموو کورد لێی سوودمەند دەبێت، بەتایبەتی دەبێت دەستوبرد بکرێت لە هەوڵدان بۆ گفتوگۆی نێوان سووریا و کورد لە لایەک، کوردی رۆژئاوا و تورکیا لەلایەکی دیکەوە، چونکە وەکو چۆن دەوترێت بۆ ئەوەی بتوانیت مەرجەکانت بەسەر عێراق دا بسەپێنێت، دەبێت سەرەتا سەردانی ئێران بکەیت، ئێستا تورکیاش بۆ سووریا وایە چونکە بمانەوێت یان نا، کلیلە گەورەکەی سووریا لەدەست تورکیادایە، دیارە مەبەستم ئەوە نییە رۆڵی گەلانی نێو سووریا کەم بکەمەوە، بەڵام ئەوە راستییە.
سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چارەنووسساز بوو بۆ کوردی باشووری کوردستان، چونکە لەوێش بژاردەی یەکەم ئاشتی و چارەسەری کێشەکان بوو، پاشان دەکرێت بیر لە شتی دیکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی مافە رەواکانی کورد جێگیر بکرێن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، کاک نێچیرڤان دەتوانێت ئەو کارە بکات.
بۆ ئەوەی کورد لەم گێژاوە دەربازی بێت، دەبێت هەموو لایەنەکان پشتیوانی لە هەوڵەکانی کاک نێچیرڤان بکەن، خۆیان بکەنە بەشێک لە هەوڵەکان، ئاخر ئەوەی کە بینیومانە هیچ کاتێک سەرۆک نێچیرڤان وەکو حیزبییەک مامەڵەی نەکردووە و هەمووانی بەیەک چاو سەیرکردووە، دیارە کاری سەرۆکێک بەخەم گەلەکەیەوە بێت، دەبێت هەروا بێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بە قسەی سەرکردەیەکی یەکێتی کۆتایی بەم وتارە بهێنم، زۆر دەمێک نییە بەڕێکەوت بینیم، باسی زۆر بابەتمان کرد و گوتی، من وەکو شەخس هیچ کارێکم بە کاک نێچیرڤان بارزانی نییە، تاوەکو دەمرم هەر یەکێتیم، بەڵام حەزدەکەم شتێکت پێ بڵێم کە لە دڵەوە دەیڵێم، کاشکی ئێمە وەکو یەکێتی لە پێش پارتییەوە و پارتی لەپێش حیزبەکانی دیکەوە، هەموومان لەسەر ئەو سیاسەتە نەرم و حەکیمانەیە بڕۆشتینایە کە کاک نێچیرڤان بارزانی پیادەی دەکات، بڕوابکە ئێستا حاڵمان زۆر باشتر دەبوو، هەمووشمان گەورە دەبووین نەک بە پێچەوانەوە.
منیش دەڵێم من کوردێکی نەتەوەییم، هیچ کارێکی شەخسیم بە کاک نێچیرڤان بارزانی نییە، بەڵام تاوەکو دڵ بخوازێت حەزدەکەم لە کارە نەتەوەیی و ئاشتیخوازانەکەی بەردەوام بێت و کۆڵ نەدات، چونکە ئێستا کورد پێویستی بە سیاسەتێکی لەو جۆرە و سەرۆکێکی وەکو ئەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ