پۆست ریفراندۆم

08-10-2017
سەلام ناوخۆش
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

پۆست كریتیسیزم ، پۆست مۆدێرنیزم ، پۆست سێكولاریزم ...پرانسیپ و ئەدگاری خۆیان هەیە. بە دیدی من پۆست ڕیفراندۆم هەم لەگەڵ ئەو سێیەدایە، هەم لەگەڵ پۆست وۆر (پاش شەڕ)، بە واتای بەشی یەكەم پرانسیپ و ئەدگاری خۆی هەیە، بەشی دووەم قۆناغێكی سیاسی و ئابوورییە.

لە پۆست ڕیفراندۆمدا ، كێشە سیاسییەكان لە نێوان باشووری كوردستان و ئێران و توركیا و عێراق ئاڵۆزتر دەبن، بەڵام فاكتەری ئابووری وا دەكات ، نە ئێران و نە توركیا بۆ یەكتری چۆڵ ناكەن. 

دەوڵەتێكی وەك ئێران 6 ملیار و یەكی وەكو توركیا 8 ملیار دۆلار بازرگانیی لەگەڵا كوردستان هەیە! وێڕای ئەوەش دراوی ئەو دوو دەوڵەتە لە ڕەوشێكی هەرە خراپدان! بۆیە هەر ئیمبارگۆیەك هەڕەشەی زیاتر لە بەهای دراوەكەیان دەكات! ئەمەش گەر بزانین، رەوشی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی ئەو دوو وڵاتە لە دۆخێكی ئەوتۆدا نییە حەسوودییان پێ ببردرێت!

عێراق دەورێكی پاشكۆیی دەبینێت! گەر ئێران رازی بێت، شیعەی عێراق هیچ ئاریشەیەكی جیۆگرافی لەگەڵا باشووری كوردستان نییە. ئەو هاتوهاوارەی عەبادی بۆ مەرگی سیاسی خۆیەتی نەك هەڕەشە بێ بۆ سەر كوردستان. لەلایەكی دیكەوە ناوێرێت حەشدی شەعبی بجوڵێنێت نەك بە زەرەری خۆی تەواو بێت!

ئەو هەموو گورگە لە چواردەوری كورد هەیە، كورد لە سەریەتی گورگ بێت بۆ ئەوەی گورگەكان نەیخۆن یان ئازاری نەدەن!

بە كورتی، رای من ئاوایە كە قۆناغی پۆست ریفراندۆم وەك گوللەیەكی لە تفەنگ دەرچووە، دوور یا نزیك كوردی باشوور لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە (لە میساقی میللی) هەنگاو داوێ بەرەو سەربەخۆیی و چارەنووسی شێخ مەحموود 1918-1919 و 1922-1924 و قازی محەممەد 1945- 1946 و مستەفا بارزانی 1970-1974 دووبارە نابێتەوە!

*مامۆستای زانستگا


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە