رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سەنتەری منداڵی بلووری (IVF) لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری لە هەولێر دەریخستووە، تەمەن هۆکاری سەرەکییە لە کەمبوونەوەی بڕی هێلکەی هێلکەدان و کەمبوونەوەی هەلی دووگیان لەنێو خانماندا.
د. شەهلا ئەلعەلاف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، پشکنینیان بۆ 300 خانم کردووە کە بەهۆی دواکەوتنی دووگیانبوون سەردانی سەنتەرەکەیان کردبوو، پشکنینەکان بریتی بوون لە پێوانەکردنی ئاستی هۆڕمۆنی (AMH) و ژماردنی هێلکەکان لەڕێگەی سۆنەرەوە، دەرکەوتووە هەرچەندە تەمەنی خانمەکە زیاتر بێت، ئاستی هۆڕمۆنی AMH و ژمارەی هێلکەکان کەم دەکەن.
لەم بارەیەوە د. ئاڤان گەردی، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون هۆکارەکانی کەمبوونەوەی یەدەگی هێلکە لە خانماندا باس دەکات؛ ''بەساڵداچوون، کیسی هێلکەدان، بۆماوەیی و شێوازی ژیانی ناتەندروست''.
د. ئاڤان گەردی لەبارەی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشانەوە دەڵێت: کواڵیتیی هێلکەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش دووگیانبوونی خانمان دوا دەخات.
ئەو پسپۆڕە رێنوێنیی خانمان دەکات کە پشکنینی پێشوەختەی هێلکەکانیان لەلای پزیشکی پسپۆڕ بکەن، تەنانەت لە خانمانی گەنجیشدا چونکە هەیە لە 20ـەکانی تەمەنیەتی و یەدەگی هێلکەکانی کەم بووەتەوە، ئەمەش هۆکارەکەی دەشێت هاوسەرگیریی خزم بێت لەنێوان دایک و باوک یان باپیر و داپیرەی ئەو کەسە.


