رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، هێشتا کاریگەریی دۆلاری 180 هەزار تمەنی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە دەرنەکەوتووە کە ئێستا نرخی تمەن زیاتریش دابەزیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێ چاوەڕێی شەپۆلێکی ''سەختتر''ـی هەڵاوسان بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-08-2026، حوسێن سەمسامی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەکەی رایگەیاند، قسەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و راگەیاندنی سزا ئابوورییە نوێیەکان بۆسەر وڵاتەکەی، کاریگەریی زیاتری لەسەر نرخی تمەن داناوە.
بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتووەتە زیاتر لە 206 هەزار تمەن. بەگوتەی حوسێن سەمسامی، ''هێشتا کاریگەریی دۆلاری 180 هەزار تمەنی، بە تەواوی لەسەر ئابووریی ئێران دەرنەکەوتووە کە نرخی دۆلار زیاتر بەرزبووەتەوە؛ بۆیە دەبێ چاوەڕێی شەپۆلێکی سەختتری هەڵاوسان بین.''
لە 24 کاژێری رابردوودا، دۆلاری ئەمریکی لە بەرزترین ئاستی دا بە 206,900 تمەن و لە نزمترین ئاستی دا بە 203,400 تمەن مامەڵەی پێوە کراوە. بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی دۆلار نزیکەی 3.19% بەرزبووەتەوە. لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا دۆلار بە گشتی 24.34% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران دۆخەکە بە ''کارەساتی ئابووری'' دەزانێت و دەڵێ، رێکاری بانکی ناوەندی و حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار گونجاو نییە ''چونکە بەردەوام ئەم نرخە بەرزتر دەبێتەوە و هەڵاوسانیش لەسەر سفرەی خەڵک هەمیشەییە.''
بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی ئابدا رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 89% و لە ساڵێکیشدا تێکڕای نرخی خۆراک و خواردنەوەکان زیاتر لە 127% بەرزبووەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە ''یاری'' دەزانێت و دەڵێت: ''لووتکەی سەرکەوتنی ئێمە لە گفتوگۆکان رێککەوتنی ئیسلامئاباد بوو. ئایا جێبەجێ کرا؟ تەنانەت ئەو لێکتێگەیشتننامەیەیان بۆ پەرلەمانیش نارد، ئایا بڕگەکانی جێبەجێ کران؟ نەخێر.''
یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد 18ـی ئایار، بۆ مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دۆخەکە نەبوو و زۆری پێنەچوو کە یەکدییان بە پێشێلکردنی خاڵەکانی یاداشتەکە تۆمەتبار کرد.
لە دوایین پێشهاتدا رۆژی 24ـی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر تاراندا راگەیاند و گوتی، دەستیان بە سیاسەتی ''هیچ لێبووردنێک'' بەرامبەر ئێران کردووە و گەمارۆی دەریایی سەر وڵاتەکە قورستر دەکەن.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، تاوەکو ئەو رۆژە، جگە لە گۆڕینی ئاڕاستەی 75 کەشتیی بازرگانی، هێزەکانی ئەمریکا 3 کەشتیی بازرگانییان لە رێڕۆ ئاوییەکەدا پەکخستووە.



