رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئامادە نییە دەنگۆی بڕینی یارمەتییەکانی واشنتن بۆ پێشمەرگە پشتڕاست بکاتەوە یان رەت بکاتەوە.
رۆژی شەممە، بی بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە باسی لەوە کرد کە پێنتاگۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە کە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت. بەمەش، ئەو یارمەتییە داراییەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرا دەبڕدرێ، کە لە بودجەی ئەم ساڵی داریی پێنتاگۆندا بە 61 ملیۆن دۆلار دانرابوو.
بەڵام کاتێک تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لێ کرد کە ئایا ئەم دەنگۆیانە پشتڕاست دەکەنەوە یان رەت دەکەنەوە، پێنتاگۆن گوتی: "ئێمە هیچ شتێکمان نییە بۆ گوتن لەسەر ئەم بابەتە."
ئەم باسوخواسە لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دێت کە بڕیارە تاوەکو 30 ئەیلوول کشانەوەیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەواو بکەن.
سێ سەرچاوەی بەرپرس لە وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی شەممە بە سۆران حوسێن، ئیدیتۆری دێسکی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئەمریکا بە فەرمی ئاگاداری وەزارەتەکەی نەکردووەتەوە کە رێککەوتنی تایبەت بە هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە رادەگرێ یان درێژی دەکاتەوە.
یەکێک لەو سەرچاوانە گوتی: "بەگوێرەی رێککەوتنی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە، هێشتا دوو بڕی دیکەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان ماوە بنێردرێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگەکانی هەشت و نۆ و ئەوە دەنێردرێ".
ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە "بۆ کۆتاییهاتنی هاوکارییەکان، ئەمریکا هیچی بە فەرمی بە وەزارەتی پێشمەرگە نەگوتووە".
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو، گرووپێکی هاوپەیمانان هەیە بە ناوی (مەناک) کە چاودێریی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و پێکهاتوون لە (ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا).
بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی شەممە رووداوی گوت: "بەگوتەی ئەندامانی مەناک بۆ بەرپرسانی پێشمەرگە، بیر لە رێگەچارەیەک دەکەنەوە کە بە شێوازێکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن".
هەمان بەرپرس گوتی، لەنێو هاوپەیماناندا "ئەڵمانیا بڕیاری داوە کە دوای کشانەوەی لە 30ی ئەیلوول، دووبارە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و بە ناونیشانێکی جیاوازتر لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبێ".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بە بەرپرسانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان گوتووە: "گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی ئاڵۆزی و شەڕ وادەخوازێ ئەمریکا و هاوپەیمانان بمێننەوە و بەو هیوایەن داواکەیان جێبەجێ بکرێ، بەڵام هێشتا ئەنجامەکان ماون بۆ دوای 30ی ئەیلوول".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، هێزەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان بە نزیکەی 180 هەزار پێشمەرگە دەخەمڵێندرێ، لە ساڵی دارایی 2026دا بڕی 61 ملیۆن دۆلاریان وەک هاوکاری بۆ کڕینی چەک، مەشق و راهێنان و مووچە لە پێنتاگۆن وەرگرتووە، بەڵام رێککەوتنەکە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت.
سەرچاوەکانی رووداو، لەنێویاندا دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، باس لەوە دەکەن تاوەکو 29ی ئاب، هیچ نووسراوێکی فەرمی لە ئەمریکاوە نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە کە رێککەوتنەکە کۆتایی پێبهێنێت یان درێژ بکرێتەوە، ئەگەر ویستێکیش هەبێت لای ئەمریکییەکان، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستانیان ئاگادار نەکردووەتەوە.



