ئەگەر بۆ پارتی ھەڵکەوتبایە!

03-03-2020
رێبوار کەریم وەلی
نیشانەکردن پارتی محەممەد عەللاوی
A+ A-
ئەمجارەیان یەکێتی لە ئیمتیحانێکی سەخت دەرچوو؛ سەرۆک بەرھەم ساڵح و حەمەتۆفیق عەللاوی لەژێر پەردەی بێلایەنی و خەڵکی ناحزبیدا، لانیکەم سێ وەزیریان لە پشکی کورد خستبۆ ناو کابینەی لەدایک نەبووەوە. سێ وەزیر کە ھەرسێکیان، ئەگەر یەکێتیش نەبووبن، لانیکەم پارتی نەبوون. ھەر حزبێک لە جێگەی یەکێتی بوایە کە چەندین مانگ بۆ وەزارەتێک لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدیدا تەشەبوسیان بە دار و بەرد کرد و، پارتی رێگری دەکرد، ھەر بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبوایە دەمودەست موبارەکەی حکومەتەکەی عەللاوی بکات. یەکێتی عەکسەکەی کرد. تەڵەکەی تەقاند و پشتی لە ئیجماعی کوردستانی نەکرد. پێدەچێ دوای نەمانی مۆتەکەی قاسم سلێمانی یەکێتی دەست کراوەتر بێت لە سیاسەتدا و، ھاوسەرۆکەکانیش نەیانویست لە یەکەم ھەنگاودا، تووشی بەریەککەوتن بن لەگەڵ پارتیدا تا ئەوکاتەی شوێن پێی خۆیان قایم دەکەن.
 
*
شکستی عەللاوی لە پێکھێنانی حکومەت، شکستی سێکوچکەی قوم(بەرھەم ساڵح، عامری و سەدر) بوو. سەرەتا ھێندە بێمنەت و بوغڕا بوون کە حیسابیان بۆ ھیچکەس نەدەکرد. ئەم سێکۆچکەیە کە ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵیان دا شەقام و رای گشتی بە کارەکتەرێکی ساختی ئێرانی و تا سەر ئێسقان حزبی و مەزھەبی ھەڵخەڵەتێنن، گرەویان لەسەر ئەوە بوو کە لەناو کورد یەکێتی و لەناو سوننەش گرووپگەلێک ھەن کە پشتیوانیان دەبن و(ئاغای) عەللاویش لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت. بەڵام حیسابی ئەوەیان نەکردبوو کە ناوماڵی شیعە ھەڵتەکاوە. نەمانی حاجی ئەوانیشی بێ شوان کردووە. بۆیە راستە یەکڕیزیی کورد گرنگ و چارەنووسساز بوو، بەڵام ئەگەر شیعە لەناو خۆیان تەبا بان، بە دڵنیاییەوە، بێ کورد و سووننە، تەنانەت قونچکە حکومەتیشیان پێک دەھێنا.
 
*
شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی سێکوچکەی قوم، فەزڵەکەی بۆ کورد و سووننە و لەناو کوردیش بۆ پێداگریی سەرۆک بارزانی، ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێم و یەکڕیزیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە. لەو کێشمەکێشەدا جیاوازیی کاریزمای بارزانی وەکو سەرکردە لە بەرامبەر سیاسییە پلە دوو و سێیەکان بەدیار کەوت. ھەبوون کە پێیانوابوو ئیتر خۆی بارزانی لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و ئاراستەکردنی سیاسەت و حوکمڕانیی عێراق ئاوا بووە، ئەمجارەیان گەڕانەوەیەکی پڕشکۆ بوو. بە شێوەیەک کە ئەمجارەش خەونی زۆرینەی سیاسی لە عێراق نەھاتەدی و ئەو ڤایرۆسەی کە وەک کڕۆنا لەناو جەستەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان بوو، گوازرایەوە بۆ ناو ماڵی شیعە. یەک پەیامی بارزانی کە گووتی ئەگەر بێ کورد و سووننە دەتوانن حکومەت پێک بێنن، پیرۆزیان بێت، بەس بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە سێکوچکەی قوم بێت.
 
*
پێداگریی سەدر و ئەوانی دیکە لەسەر سەرۆکوەزیرانێکی بێلایەن و تەکنۆکرات، کە بە قسەی خۆیان عێراق لەو مەینەتییە رزگار بکات، تا ئەو کاتە راستە کە لێرە بەدواوە، سەرۆک بەرھەم ساڵح کە موکەللەفە بەوەی کە تا دوو ھەفتەی دیکە کەسێکی دیکە بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپێرێت، وەکو پارێزەری دەستوور و بێ جیاوازی ئەو شانسە بدا بە کەسانی دیکەش، نەک ئەوانەی لە قومەوە دەستنیشان دەکرێن. سیاسییەکانی شیعە لە ١٧ ساڵی رابردوو کەسیان نەما تاقی نەکرێنەوە، ھەموویان فاشل دەرچوون. با ئەمجارە سەرۆک بەرھەم ساڵح ئەو شانسە بداتە کوردێک یان سوننەیەکی تێکنۆکرات، یان لانیکەم ئەو شانسە بدرێتە کەسایەتییەکی وەکو ئەیاد عەللاوی کە شیعەیەکی لیبراڵ و دۆستی کورد و سوننەیە. تۆ بڵێی ئەو کاتەش جەنابی سەدر و عامری و، تەنانەت خۆیشی پشتیوانیی لێ بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێک دوور لە دەستێوەردانی حزبەکان؟
 
*
پوختەی کەلام، ئەو حەمە تۆفیق عەللاوییەش ناوی دەچێتە ناو مێژووەوە، بەوەی کە لە دوای 2003 وە ئەوە یەکەم کەسە کە راسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکومەت، بەڵام نەتوانی حکومەت پێک بێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.