بۆچی هەڵبژاردن بۆ دیموکراسی گرنگە؟

03-01-2024
روەیدا مستەفا
A+ A-
 
هەڵبژاردن بنچینەی دیموکراسییە، هەڵبژاردنی ئازاد و دادگەرانە رۆحی هەڵبژاردنی دیموکراسییانەیە.  هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی دانیشتووان بۆ دەربڕینی ئارەزووە سیاسییەکانی خۆیان و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانیان. ئەوان بۆ کارکردنی تەندروستانەی هەر سیستەمێکی دیموکراسی پێویستن، لەگەڵ ئەوەش دا کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن لە هێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری دا، زۆر جار وەک پێویست نین. هەندێک جاریش سەرکردە و حیزبە سیاسییەکان هەڵبژاردنەکان تەنیا وەک میکانیزمێکی رەواییدان بە حوکمڕانییەکەیان بەکاردەهێنن.
 
لەگەڵ ئەوەش دا کە هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دا تائێستا بە تەواوی ئازاد و دادگەرانە نەبوونە، هێشتاش هەڵبژاردنەکان میکانیزمێکی باش بوونە بۆ دروستکردنی متمانەی خەڵک بە هەبوونی بەردەوامیی پرۆسەی دیموکراسی و سیاسەت لە هەرێمی کوردستان.
 
هەڵبژاردن کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ناوخۆ هەیە. هەڵبژاردنەکان سەکۆیەکن بۆ دەربڕینی رای گشتی، رێگە بە دەنگدەران دەدەن پشتگیری لە سیاسەت و سیاسەتمەداران بکەن یان رەتیبکەنەوە. ئێمە لە کوردستان دا دەزگای راپرسیمان نین تاوەکو بزانین خەڵک چۆن دەڕواننە حیزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەداران، بەڵام هەڵبژاردنەکان تاوەکو رادەیەک ئەوە نیشاندەدەن کە خەڵک چۆن بیردەکەنەوە لەبارەی سیاسەتمەدار و حیزبەکان و حکومەت. بۆ نموونە دەتوانرێت شکستی حکومەتێک لە بەڕێوەبردنی ئابووری یان سیاسەتی دەرەوەدا لەکاتی دەنگدانەکان دا بە سزادانیان، واتە دەنگ پێنەدانیان، نیشانبدرێت و ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی یان ئاراستەی سیاسەت دا. بەپێچەوانەوە هەڵبژاردن دەتوانێت ئەرک بداتەوە حکومەتێک، رەوایی بۆ سیاسەتە بەردەوامەکانی دابین بکات. لە وڵاتانی وەک هیندستان، ئەمریکا و رووسیا کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەڵبژاردنیان تێدا بکرێت، ئەم پرۆسانە بە دۆخی جیاواز و شێوەی جیاواز رای ئەو خەڵکانە لەبارەی حیزب و سیاسەتمەدارەکانیانەوە نیشاندەدەن. ئێمە دەزانین لە رووسیا جارێکی دیکە پووتین هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، لە ئەمریکا ململانێیەکە تووند دەبێ و لە هیندستان جارێکی دیکە لەوانەیە مۆدی ببێتەوە سەرۆک وەزیران. ئەو زانیارییە پێشوەختانەی ئێمە، رەنگدانەوەی رازیبوون یان ناڕەزایی دروستی خەڵک نین لە حوکمڕانی ئەو سێ  وڵاتە وەک یەک، چونکە بەپێی بۆچوونی بەشێکی جیهان و ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا، هەڵبژاردن لە رووسیا لە زەوینەیەکی یەکسان و ئازاد دا بەڕێوەناچێت. 
 
گرنگی هەڵبژاردن بۆ سەقامگیری و دیموکراسی
 
هەڵبژاردن بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دیموکراسی زۆر گرنگە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو راستییە باش دەزانین. هەڵبژاردن رێگەیەکی ئاشتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان. ئەگەر پرۆسەیەکی دیموکراسی نەبێت، رەنگە ببێتە هۆی نائارامی یان تەنانەت ململانێی خوێناوی. ٢٠٢٣مان بە ململانێیەکی تووند بەڕێکرد، بە بڕوای من، بەشێکی بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانەوە بوو. وەک چۆن ستوارت میل دەڵێت "بەهای دەوڵەتێک، لە درێژخایەن دا، واتە بەهای ئەو تاکانەی کە پێکهاتەی ئەو دەوڵەتەن". ئەگەر دیموکراسی لە خەڵکەوە بۆ خەڵک و لەڕێی خەڵکەوەیە، دەبێ پێکهاتەکانی نێو هەر یەکەیەکی بەڕێوەبردن بەشداربن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەدا. هەڵبژاردن تاکەکان بەهێز دەکات، بەمەش بەها و سەقامگیری دەوڵەت پتەو و بە متمانە دەکات.
 
لە کاتێکدا کە گومان لە دیموکراسی تەندروستە، گومانی زیادەڕۆیی لە هەڵبژاردن دەتوانێت رەوایی و خودی پرۆسەی دیموکراسی تێکبدات. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان زۆربەی جار گومانەکان بنەمایەکی راستیان هەیە هەر لە بەکارهێنانی دەزگا نیشتیمانییەکانەوە بێ بۆ خزمەتی حیزبێک یا سیاسەتمەدارێک، تاوەکو ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردنەکان دا. ئەگەر بمانەوێ دیموکراسی بەهێز بکەین، نابێ رێبدەین گومان لەسەر هەڵبژاردن دروستبێت. دروست نەبوونی گومان بەوە بەدیدێت کە بتوانین هەڵبژاردنی ئازاد و دادگەرانە بکەین. ساختەکاری و دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکان، نیگەرانییەکی زۆر راستەقینە وگەورەن، بەڵام چارەسەر لە باشترکردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە هەڵبژاردنەکاندایە نەک لە هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان بە تەواوی.
 
لە راستی دا، هەڵبژاردن دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، بەڵام رادە و سرووشتی ئەم گۆڕانکارییە پەیوەستە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە، لەوانەش زەوینەی سیاسی و سیستەمی هەڵبژاردن و هەڵسوکەوتی دەنگدەران. بۆ گۆڕانکاری، هەڵبژاردنەکان پێویستە ئازاد و دادپەروەرانە و کێبڕکێکارانە بن، دڵنیابن لەوەی بیرۆکە و سەرکردە نوێیەکان چانسی راستەقینەی سەرهەڵدانیان هەیە نەک ئۆپۆزیسیۆن بخرێتە چوارچێوەیەکەوە کە توانای هەناسەدان و کارکردنی ئازادانەی نەبێت. 
 
زانیارییەکان دیموکراسی جیهانی جۆراوجۆر نیشان دەدەن کە هەڵبژاردن دەتوانێت کاریگەری قووڵی هەبێت. بۆ نموونە بەهاری عەرەبی نیشانیدا کە چۆن هەڵبژاردنەکانی دوای راپەڕینەکان بووە هۆی گۆڕانکاری سیاسی بەرچاو لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. بە هەمان شێوە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا گۆڕانکارییان بەخۆوە بینیوەو، فۆکەسی زیاتر لەسەر  ژینگە بووە، ئەمەش رەنگدانەوەی نیگەرانی گشتییە سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا. هەرچەندە، نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ کە جاری وا هەیە هەڵبژاردن دەرفەت دەداتە هێزی راستڕۆ و دژ بە دیموکراسی و دژ بە ژینگە و دژ بە ژنان کاتێک پۆپیۆلیستەکان نیگەرانییە قووڵەکانی خەڵک دەقۆزنەوە و بە سیاسەتی پۆپیۆلیستانە خەڵک هەڵدەخەلەتێنن تاوەکو دەنگیان پێبدەن.
 
هەرێمی کوردستان: بەبێ هەڵبژاردن دەتوانێت بژیت؟
 
بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراق، هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پێگەی نیمچە سەربەخۆیی خۆی و دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی دانیشتووانی جیاوازی. بەبێ هەڵبژاردن مەترسی زیادبوونی دابەشبوون و ناسەقامگیری ناوخۆیی هەیە، وەک بینیمان لە 2023دا، ئەوەش دەتوانێت سەربەخۆیی هەرێمەکە بخاتە مەترسییەوە.
 
ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا زۆر بایەخ بە هەڵبژاردنی کوردستان دەدەن و زۆر هەوڵیانداوە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر بکەن. چەند جارێک دیپلۆماتکارە ئەورووپایی و ئەمریکییەکان، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دانیشتوون بەبێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر. نیگەرانی ئەوان لە گرنگی ستراتیژیی ناوچەکە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری جیۆپۆلەتیکی فراوانتر سەرچاوە دەگرێت. هەڵبژاردنی روون و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان دا دەتوانێت سەقامگیری بەرەوپێش ببات، هانی جێبەجێکردنی دیموکراسیەکان بدات و نوێنەرایەتییە نەتەوەیی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان مسۆگەر بکات، هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندی فراوانتری هەرێمی کوردستان کە هەموومان دڵمان پێی خۆشە.
 
لە کاتێکدا هەڵبژاردن دەرمانی چارەسەری هەموو نەخۆشییە سیاسییەکان نییە، بەڵام پێکهاتەیەکی بنەڕەتی حوکمڕانی دیموکراسییە. بیرمەندە گەورەکانی وەک ئەلێکسیس دی تۆکڤێلە جەخت لەسەر گرنگی دیموکراسی دەکەن  و گوتوویەتی "تەندروستیی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لەوانەیە بە جۆری کار و کردەوەی هاووڵاتییەکانی بپێورێت."
 
 هەڵبژاردن دەسەڵات دەداتە هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گرنگانە، واتە هاووڵاتیان، سیاسییەکان و سیاسەت ناچار دەکەن گوێ لە داخوازییەکان بگرن، بە مسۆگەرکردنی وەڵامدانەوەی داواکانیان بۆ خزمەت، دادگەری، پێکەوەژیان و حوکمڕانیی چاک. بۆیە لەجیاتی ئەوەی زۆر گومان لە هەڵبژاردنەکان بکرێت و بەربەستیان بۆ دروستبکرێت، پێویستە هەوڵەکان ئاراستەی بەهێزکردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردن و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و دەستەبەرکردنی فراوانترین بەشداریکردن بکرێن. خەڵک دەبێت بەشدارییەکی بەرچاوتری هەبێ، چونکە بەشداریی زیاتر گەرەنتی ئەنجامی پاکتر و دیموکراسییانەترە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.