ئەردۆغان: بە هەر رێگەیەک بێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدیدەهێنین

29-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رژدن لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەی، دەشڵێت، ''بە هەر رێگەیەک بێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدیدەهێنین''.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''بەدڵنیاییەوە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەهێنینە دی، جا بە هەر رێگەیەک بێت''. گوتیشی: ''ئەو تەڵانەی لەڕێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە دانراونەتەوە، تێکیاندەشکێنین''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتیکردەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام دەبن و گوتی، ''کۆتایی بە بەڵای 40 ساڵەی تیرۆر دەهێنین''.
 
ئەو گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، یەکی تشرینی یەکەمی 2024، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نرا.
 
شاندی دەم پارتی لەمبارەیەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا کۆبووەوە، هەروەها دووجاریش سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لە ئیمراڵی کرد.
 
دوای دووەمین سەردانی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، ئاکپارتی و مەهەپە کە هاوپەیمانی یەکدین، داوا دەکەن ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە