رووداو دیجیتاڵ
باشاک دەمیرتاش، هاوژینی هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وێنەیەکی نوێی خۆی و سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوژینی بڵاوکردەوە.
باشاک دەمیرتاش وێنەکەی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا پەیامێکی کورتی بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی نووسیوە و دەڵێت: "لە ئەدیرنەوە سڵاوێکی گەرم."
ئەو وێنە لە کاتی سەردانی خێزانییدا لەنێو زیندان گیراوە.
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016ەوە لە زیندانە، چونکە لە لایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە لە دۆسیەی ناسراو بە (کۆبانێ) سزای 42 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاریکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان لەسەر داوای هەدەپە خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و 46 سڤیل و پۆلیس کوژران و 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوون و 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی کردە سەر هەدەپە و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 19ی شوباتی 2021، داواکاری گشتیی کۆماریی 36 دۆسیەی تاوانی دژی 9 پەرلەمانتاری هەدەپە پێشکێشی وەزارەتی داد کرد بۆ ئەوەی وەزارەتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات و پارێزبەندیی ئەو نۆ پەرلەمانتارە هەڵبگرێت.
هەدەپە کە لەو کەیسەدا 108 ئەندام و بەرپرسی دادگایی دەکرێن، پێیوایە کەیسی کۆبانێ یاسایی نییە، بەپێچەوانەوە سیاسییە و مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوەیە لە هەدەپە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)