رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پەیوەندیکردنی 2 پەرلەمانتاری نوێ بە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی)ەوە و دەستلەکارکێشانەوەی 2 پەرلەمانتاری دیکە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا هات.
ئەرسین بەیان، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ کە پێشتر لە سەر لیستی ئیی پارتی دەستی لەکارکێشابووەوە، لەگەڵ نیعمەت ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ کە لە جەهەپە جیابووەوە، بە فەرمی پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد. بەمەش ژمارەی کورسییەکانی ئاکپارتی لە پەرلەماندا بۆ 277 کورسی بەرزبووەوە.
لە بەرانبەردا، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی نیعمەت ئۆزدەمیر لە هەفتەی رابردوودا و ئومیت دیکبایەر، پەرلەمانتاری ساکاریا لەم هەفتەیەدا لە ریزەکانی جەهەپە، ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە بۆ 136 کورسی دابەزی.
پێشتر ژمارەی گشتیی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا لە 600 پەرلەمانتارەوە بۆ 592 پەرلەمانتار کەمببووەوە، ئەوەش بەهۆی کۆچی دوایی حەسەن بیتمەز، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و سرری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی؛ لەدەستدانی ئەندامێتیی شەرەفەدین جان ئەتالای، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا؛ دامەزراندنی مورات کوروم، پەرلەمانتاری ئاکپارتی وەک وەزیری ژینگە و شارسازی، لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی چوار پەرلەمانتاری جەهەپە (بورجو کۆکسال، عەبدوڕەحمان توتدەرە، حەسەن بالتاجی و ئەحمەد ئۆنال) کە وەک سەرۆکی شارەوانی لە بازنەکانی خۆیان هەڵبژێردران.
دابەشبوونی نوێی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بەپێی پارتەکان بەم شێوەیەیە:
-پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) - 277
-پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) - 136
-پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) - 56
-پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) - 46
-پارتی باش (ئیی پارتی) - 29
-گرووپی رێگەی نوێ - 20 (لە پارتی ئایندە و پارتی دەڤا و پارتی سەعادەت پێکهاتووە)
-سەربەخۆکان - 10
-پارتی سەرلەنوێ رەفاه- 4
-پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) - 4
-پارتی کرێکارانی تورکیا - 3
-پارتەکانی دیکە - 7
کۆی گشتی: 592 کورسی
ئەو گۆڕانکاری و جێگۆڕکێیەی پەرلەمانتاران لە تورکیا لە کاتێکدایە، هاوپەیمانیی گەل (ئاکپارتی و مەهەپە) هەوڵەکانی بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە چڕکردووەتەوە. بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار زۆرینەی رەهای پێویستی بۆ گۆڕینی دەستوور بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتەکانی دیکە لەبەردەست نییە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و فراکسیۆنە بچووکەکان بوونەتە خاڵی سەرنجی هاوکێشە سیاسییەکان.


.jpg&w=3840&q=75)
