رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەڵێ، تورکیا گەیشتووەتە "قۆناخێکی هەستیار" و کار لەسەر بنەمای یاسایی دەکرێ و دوا بڕیاریش لە پەرلەمانە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (گفتوگۆکانی ئانادۆڵو)ی فیدراسیۆنی چاپەمەنیی تورکیادا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
یڵماز سەبارەت بە پرۆژەیاسای تایبەت بۆ قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد رایگەیاند، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە بگاتە ئەم خولەی پەرلەمان. لە لایەکەوە دەگوترێ چەک دابنێن و وەرن، با هەنگاوی یاسایی پێویست بنێین، لەبەرامبەردا رێکخراوە تیرۆریستییەکە (مەبەست لێی پەکەکەیە) دەڵێت 'من دەست لە چەک هەڵدەگرم بەڵام رووبەڕووی چ جۆرە چوارچێوەیەکی یاسایی دەبمەوە؟'، بەم پرۆژەیاسایە تایبەتە دیاری دەکرێ کە لە رووی یاساییەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ چییدا دەکرێ."
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی پێگە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەئیمراڵی، یاریدەدەری سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکان روونن و رایگەیاند، "ئەو خاڵەی ئێستا کارە یاساییەکانی لەسەر چڕبوونەتەوە دیارە. رێکخراوەکە (مەبەست لێی پەکەکەیە) خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، چەک دادەنێت و سەبارەت بە گرووپ و لایەنە جیاوازەکانیش، لە چوارچێوەی ئەو هێڵە سەرەکییەدا مامەڵە دەکرێ کە لە لیژنەی پەرلەماندا دیاری دەکرێ."
یڵماز ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی مەدەنی و نوێیە. لەبارەی پرسی خۆ بەربژێرکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەۆرکایەتی کۆماریش لە ئەگەری هەبوونی دەستووری نوێدا گوتی: "ئێمە کارێکی تایبەت و دەستنیشانکراو بۆ ئەو بابەتە ناکەین، بەڵکو کار لەسەر تەواوی دەستوور دەکەین. بێگومان لەچوارچێوەی دەستووردا تاوتوێی هەموو بابەتەکان دەکەین و کاتێک تەواو بوو پێشکێشی سەرۆککۆماری دەکەین و لەگەڵ پارتەکانی دیکەیشدا گفتوگۆ دەکەین."
ئەو لێدوانەی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدایە، هاوپەیمانیی دەسەڵات نیازی نووسینەوەی دەستووریکی نوێی هەیە. بەپێی دەستووری ئێستای تورکیا، ئەگەر هەڵبژاردن پێش وادەی خۆی نەکرێ کە ساڵی 2028ە یان پەرلەمان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدات، ئەردۆغان مافی خۆ بەربژێرکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نییە.



.jpg&w=3840&q=75)