رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ''با ئەمجارە چەکەکان بێدەنگ بکەین و سیاسەت بەقسەبهێنین''.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2025 لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پەیامێکی بۆ میدیایەکی تورکیا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: ''ئەگەر زاڵبوون بەسەر ئەم کێشانە زەحمەتیش بێت، ئەستەم نییە. هەموو ئەوانەی ئاشتییان دەوێت و باوەڕیان پێیەتی، دەتوانن بە نیازپاکییەوە ئەوەی لەدەستیان بێت، بیکەن''.
دەمیرتاش لەبارەی رۆڵی ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجەلان لە پرۆسەکە دەڵێت: ''بۆ سەرکەوتنی ئەو سێ سەرکردەیە کە دەستپێشخەریێکی مێژووییان بۆ ئاشتیی کورد - تورک کردووە، ئەوەی لەدەستم بێت، بەزیادەوە دەیکەم''.
دەمیرتاش لەبارەی ئامانجی پرۆسەی چارەسەریدا دەنووسێت: ''براکانم، ئامانج کۆتاییهێنانە بە شەڕ، چەک، تووندوتیژی، تیرۆر، خوێن، فرمێسک، مردن و زەرەرمەندی، هەر ئەوەندە. بەڵام بەو مەرجەی هەموو ژێرخانێکی سیاسی و یاسایی لە پەرلەمان پێکبهێندرێت''.
دەمیرتاش بۆ ئەوانەی بە گومان و دوودڵییەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن نووسیویەتی:
- ئەگەر ئەوانەی چەک بەدەستن، بڕیار بدەن کۆتایی بە شەڕ بهێنن، تۆ بە چ شتێکی ئەمە ناڕەحەتیت؟
- ئەگەر بڕیار بێت، بە رێگەی سیاسی و مەدەنی درێژە بە دۆخەکە بدرێت، تۆ لەمەدا باوەڕت بەخۆت نییە؟ ئەگەر باوەڕ بە چەکەکەی دەستی پەکەکە یانیش دەوڵەت دەکەیت و بەمجۆرە سیاسەت دەکەیت، بێگومان بە کۆتاییهاتنی شەڕ ناڕەحەت دەبیت. بەڵام بێگومان هەموو شەڕێک، کۆتاییەکی هەیە.
- ئەگەر دەڵێیت: ''من کوردم، مافەکانی من چییان بەسەر دێت؟'' دەبێت سەرەتا متمانە بەخۆت بکەیت. دەبێت باوەڕت بە ئەزموونەکەت هەبێت، دەبێت باوەڕت بە گەلە رێکخراو و سیاسییەکەت هەبێت. دەبێت بزانیت، رێگەی خەباتی سیاسی، مانای رادەستبوون، دۆڕان و لەدەستدان نییە و دەبێت بە باوەڕەوە لە رێگەکەی خۆت بەردەوام بیت.
- ئەگەر دەترسیت و دەڵێیت: ''من تورکم، ئەگەر سازش لە تیرۆر بکرێت، ئایا وڵاتەکەم دابەش نابێت؟ تۆش سەرەتا متمانەت بە خۆت هەبێت، دواتریش متمانەت بە برایەتیی هەزار ساڵەی کورد هەبێت. ئەگەر وڵات، وڵاتی کوردیش بێت، کاتێک تۆ پاڵپشتی لەو کوردەی بە سیاسەت و رێگەی ئاشتی درێژە بە خەباتی دادپەروەری، یەکسانی و ژیانێکی سەربەخۆ دەدات، نەوەک دابەشبوون، بەڵکو دەبێت باوەڕت بەوە هەبێت، بەیەکەوە گەورە دەبین.
- ئەگەر دوودڵیت و دەڵێت: ''ئەم کارە هێندە ئاسانە؟ ئایا هیچ شتێکی گوماناوی تێدا نییە؟'' با پێت بڵێم براکەم؛ ئەم کارە ئاسانە. بەڵام ئەمەش، پێویستی بە دانانی پلان، هەوڵدان و ماندووبوون هەیە.
دەمیرتاش لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ''لە ئاشتی و ئاشتبوونەوە مەترسە، براکەم. لەوە مەترسە، کورد و تورک دەستبخەنە دەستی یەکدی. لە گەورەکردنی تورکیا مەترسە، لە پاڵپشتیکردنی ئەو هەنگاوانە مەترسە کە ناوچەکە بەرەو ئاشتی دەبەن. مەترسە، بۆ ئەوەی ئەمجارە چەکەکان بێدەنگ بکەین و سیاسەت بەقسەبهێنین''.
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی: ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ