فاتیح ئەربەکان: پەکەکە بە قسەی ئۆجەلان چەک دانانێت

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا دەڵێت، رازی نابن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە پەرلەمان و گوتار پێشکێشبکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پەکەکە بە قسەی ئۆجەلان چەک دانانێت''.
 
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا رۆژی هەینی، 27-12-2024، قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و چەند پرسێکی تاوتوێکرد.
 
ئەربەکان، لە وەڵامی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە چوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پەرلەمانی تورکیا گوتی: ''ئێمە وەکو پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبووین و جەختمان لەوە کردوەتەوە کە ئەوە بە هەڵوێستێکی گونجاوی نابینین''.
 
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گوتیشی: ''بۆچی بە گونجاوی نابینین؟ لەبەر ئەوەی پێش هەموو شتێک، ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە بە دایکی شەهیدان. بەدرێژایی چەندین ساڵ، مرۆڤی ئێمە قاچی بڕا، دەستی بڕا، چاوی لەدەستدا، منداڵەکان بێ باوک مانەوە، ژنان بێ هاوژین مانەوە''.
 
ئەربەکان هەر لەبارەی ئەگەری چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان رەخنەی تووندی لە سەرۆکی مەهەپە گرت و گوتی: ''ئەوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە، ئەوە وڵات و سوپاکەمان بە لاوازی نیشاندەدات. ئەوە واتە بە ئەوان بڵێین؛ 40 ساڵە لەگەڵ ئێوە لە خەباتداین، بەڵام دواجار سەرکەوتوو نەبووین. ئێوە وەرن قسەمان بۆ بکەن و لەو دەردە رزگارمان بکەن. ئەمە نیشانەی لاوازیی وڵاتێکی گەورەیە لە بەرامبەر رێکخراوێکی تیرۆریستیدا''.
 
سەرۆکی ئەو پارتە جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چارەسەری هیچی لێ بەرهەم نایەت و گوتی: ''تەنیا لەبەر ئەوەی ئۆجەلان بڵێت چەک دابنێن، پەکەکە چەک دانانێت.''
 
سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە''.
 
باخچەلی رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەنێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت". 
 
میدیای فەرمیی تورکیا، رۆژی هەینی، 27-12-2024، بڵاویکردەوە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رەزامەندی بۆ دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان نیشانداوە و بەگوێرەی کەشوهەوا، رۆژی شەممە یان دوو سبەی یەکشەممە شاندەکە سەردانی ئیمرالی دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی تورکیادا هاتووە، شاندەکە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ پێکدێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە