رووداو دیجیتاڵ
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەناردەی گێلاسی تورکیا و باکووری کوردستان 100 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند. ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە. هۆکارەکەی بۆ باشیی بەرهەمی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی شەپۆلێکی سەرما کاریگەری لەسەر بەرهەمی وەرزی رابردوو هەبوو.
بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کە ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026 بڵاوکرانەوە، هەناردەی گێلاس لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 101 ملیۆن و 720 هەزار دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی پار، بڕەکەی 23 ملیۆن و 470 هەزار دۆلار بوو. بەمەش بەرهەمەکە 333% زیادیکردووە.
یەکێتیی هەناردەکارانی رۆژئاوای دەریای سپی، کە پارێزگاکانی ئەنتاڵیا، ئیسپارتا و بوردور دەگرێتەوە، نزیکەی 40%ـی کۆی هەناردەی گێلاسی تورکیای بە هەموو جۆرەکانییەوە پێکهێناوە. هەناردەی یەکێتییەکە لە 8 ملیۆن و 524 هەزار دۆلارەوە لە نیوەی یەکەمی پاردا، بۆ 40 ملیۆن و 615 هەزار دۆلار لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە، کە زیادبوونێکی 376%ـی تۆمارکردووە.
محەممەد عەلی جان، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی هەناردەکارانی رۆژئاوای دەریای سپی رایگەیاند، شەپۆلی سەرمای پار، بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەناردە هەبوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمی گێلاسی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە و وەرزی چنینەوەی لە 20ـی ئایارەوە دەستیپێکردووە و قۆناخ بە قۆناخ لە ناوچە جیاوازەکان تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی هەناردەکارانی رۆژئاوای دەریای سپی روونیکردەوە، بەرزبوونەوەی بەرهەم کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەناردە هەبووە و پێشبینی دەکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی بارکردن لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، زیادبوونی زیاتر تۆماربکرێت.
جان باسی لەوەش کرد، زۆربەی هەناردەی ناوچەکە بۆ ئەڵمانیا، رووسیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە، جگە لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئاسیا کە لە رێگەی گواستنەوەی ئاسمانییەوە دەکرێت.



