رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ لە رۆژانی نێوان 13 تاوەکو 19ی تەممووز، بە تێکڕا 1623 گەشتی رۆژانە، وەک قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی ئەورووپا تۆمارکرا.
رێکخراوی ئەورووپی بۆ سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان (EUROCONTROL) نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی جووڵەی فڕۆکەوانی لە ئەورووپا بۆ هەفتەی سێیەمی مانگی تەممووز بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لەو ماوەیەدا توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئەورووپا بەدەستبهێنێت و زۆرترین گەشتی لێە ئەنجام دراوە.
لە دوای فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئەورووپا بەم شێوەیە لە پلەکانی دواتردا دێن:
- فڕۆکەخانەی ئەمستردام (هۆڵەندا): 1398 گەشتی رۆژانە.
- فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل لە پاریس (فەرەنسا): 1395 گەشتی رۆژانە.
- فڕۆکەخانەی هیسرۆ لە لەندەن (بەریتانیا): 1331 گەشتی رۆژانە.
- فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت (ئەڵمانیا): 1320 گەشتی رۆژانە.
وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەم ئامارانە نیشانەی گەشەی بەردەوامی کەرتی گەشتیاری و فڕۆکەوانیی تورکیایە، کە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ وەک ناوەندێکی سەرەکیی بەیەکگەیاندنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا رۆڵ دەبینێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار 230 ملیۆن و 224 هەزار و 611 کەس لە رێگەی 2 ملیۆن 290 هەزار و 581 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامداوە. هەروەها 4 ملیۆن و 941 هەزار و 729 تۆن کەلوپەلیش بە کارگۆ لەم فڕۆکەخانانەوە گوێزراونەتەوە.
لە سەرانسەری تورکیادا 58 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستاندان. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.



