رووداو دیجیتاڵ
ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی نوێ (یەنی پارتی) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل راگەیێندرا و پەرلەمانتاری ئامەدی تێدا نییە.
دوای راگەیاندنی لیستی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ناوەندیی پارتی نوێ لەلایەن ئۆزگور ئۆزەلەوە، ئەمڕۆ لە دووەمین کۆبوونەوەیاندا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە روونبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا یونس ئێمرە بە سکرتێری پارتەکە، ئەنسار ئایتەکین بە یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری رێکخستن و ئۆزگور جەیلان بە یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی دەستنیشانکران.
هەرچەندە هەریەک لە سەزگین تانریکوڵو و تورکان ئەلچی، پەرلەمانتارانی ئامەدیش لەنێو ئەو 91 پەرلەمانتارانە بوون کە لە جەهەپە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و چوونە نێو دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی نوێ، بەڵام هیچ کامیان نەبوونە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەو پارتە نوێیە.
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بە ناوی یەنی پارتی (پارتی نوێ) دامەزراند. بە دامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا.



