سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، هیوادارن پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان جێبەجێبکات

27-02-2025
دیار سلێمان
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، هیوادارن پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان جێبەجێبکات، دەشڵێت، ''دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارسەربکرێت''.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
 
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ''لەگەڵ ئەوەداین، پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا لەلایەن هەموو لایەنەکان شەفافانە تاوتوێ بکرێت و چارەسەر بکرێت.''
 
سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەش کرد، ''پاڵپشتیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تورکیا بەشێوەیەکی دیموکراسی، دووپاتدەکەینەوە. هەمیشە دژی تیرۆر و تووندوتیژی بووین و لەمەودواش دژی دەبین''.
 
ئۆزەل بانگەوازەکەی ئۆجەلانی لەبارەی چەک دانانی پەکەکە بە گرنگ ناوبرد و گوتی، ''هیوادارین ئەم بانگەوازە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێبکرێت و بەڵای تیرۆر کە بووەتە مایەی گیان لەدەستدان، قەیرانی ئابووری و تێکدانی کۆمەڵگەیی، کۆتاییبێت''.
 
سەرۆکی جەهەپە گوتیشی، ''کێشەکان بە هیواخواستن چارەسەر نابن، دەبێت ئاسایش بەرقەرار بکرێت و کردار جێبەجێبکرێت. چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تورکیا، بە سەقامگیرکردنی ئاشتیی نێوخۆ، بەدیدێت. ئاشتی نێوخۆش، بەڕێگەی دیموکراسی بەرقەرار دەکرێت، نەوەک لەڕێگەی سیستەمێکی خۆسەپێن''.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە