رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سوورن لەسەر لەنێوبردنی ئەو گرووپانەی "مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و سووریا". لەبارەی پەیەدەش دەڵێت ''یان خۆیان چەک دادەنێن، یان لەگەڵ چەکەکانیان لە سووریا دەخرێنە ژێر خاکەوە.''
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-12-2024) لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و چەند پرسێکی تاوتوێکرد.
ئەردۆغان لەبارەی پەیەدە و داعش لە سووریا قسەی کرد و گوتی، ''سوورین لەسەر لەنێوبردنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانەی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و سووریا. بکوژە دابەشکەرەکان یان خۆیان چەک دادەنێن یان لەگەڵ چەکەکانیان لە سووریا دەخرێنە ژێر خاک.''
ئەردۆغان گوتیشی ''رێکخراوی تیرۆریستی و پاڵپشتیکارانی، مامەڵەیەکی هەر چۆنیان هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئێمەش مامەڵەیەکمان هەیە. پشت بە خوا ژیرانە مامەڵە دەکەین و پلان و یاریی هێزە داگیرکەرەکان تێکدەدەین.''
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد "پەکەکە کێشە دەخاتە نێوان تورک و کورد" و، گوتی ''ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەنێودەبەین کە هەوڵدەدات لەنێوان ئێمە و خوشک و برا کوردەکانمان دیوارێک لە خوێن دروست بکات.''
لەبارەی داعشیشەوە گوتی ''داعش نەک هەر بە تەنیا بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ سووریا، بۆ عێراق، بەڵکو بۆ ئێمەش سەرچاوەیەکی مەترسییە و دەبێت لەنێوببردرێت. ئێمە تاکە هاوپەیمانی ناتۆین کە رووبەڕووی ئەو پێکهاتە دڕندەیە بووینەوە. بۆیە لەم بابەتەدا کەس ناتوانێت وانە بە ئێمە بدات و سنوورمان بۆ دابنێت.''
لەبارەی بەشار ئەسەدیشەوە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد هەموو جۆرە پێشنیازێکیان بۆ چارەسەری کێشەکانی سووریا خستە بەردەمی، بەڵام ئەو بەشێوەیەکی خوێناوی، کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی هەڵبژارد و گوتی ''لە کاتێکدا توانای وەستاندنی خوێن و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان هەبوو، ئەسەد بەردەوام بوو لە ستەمکردن لە گەلی خۆی.''
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا کرد و گوتی ''ملیۆنێک مرۆڤ لە ئەنجامی کوشتارییەکانی رژێم و پاڵپشتیکارانی یان لە ئەنجامی هێرشەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە و داعش شەهید بوون. لەم سەردەمەدا زیاتر لە 12 ملیۆن سووریایی لە زێدی خۆیان دەربەدەربوون.''
ئەردۆغان ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان سووریا و وڵاتەکەی کرد و گوتی ''وەک دەزانن سەرۆکی میت و وەزیری دەرەوەمان ناردە شام، باڵیۆزەکەمان خستە سەر کار. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنسوڵخانەکەمان لە حەلەب دەکەینەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد ئیدی پەڕەیەکی نوێ بۆ سووریا کراوەتەوە و گوتی ''بینیمان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی حکومەت بە باشی پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات. لەبەرامبەر ئەو پەیامە بنیاتنەر و میانڕەوییانەی بڵاویان دەکاتەوە، دەستخۆشی لێدەکرێت. ئێمەش وەک تورکیا، لە وزەوە بیگرە تاوەکو گواستنەوە و گەیاندن، لە شارسازییەوە بیگرە تاوەکو خوێندن و تەندروستی، لە ئاسایشەوە تاوەکو بازرگانی، لە هەموو بوارێکدا کە پێویستیان پێی بێت، پاڵپشتی لە سووریا دەکەین''.
ئەردۆغان گوتیشی ''تاوەکو لە حەلەب، شام، حەما، حمس، دەرعا و منبج، لە پاڵ ئاڵای سووریای سەربەخۆدا ئاڵای مانگ و ئەستێرەمان ببینین، دڵخۆش دەبین.''
لەبارەی ئاییندەی سووریاشەوە ئاماژەی بەوە کرد شانبەشانی یەکدی هەنگاودەنێن و گوتی ''لەگەڵ تورک، کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە، سەیری هەمان ئاسمان دەکەین و هەمان هەوا هەڵدەمژین. هاوشێوەی رابردوومان، داهاتووشمان هاوبەشە.''
ئەردۆغان سەبارەت بە دەربەدەربوونی هاووڵاتییانی سووریایی گوتی ''گوتمان ئەوەی لە دەرگەمان بدات و داوای سەقامگیریمان لێبکات، دەست بەڕوویەوە نانێین؛ خوشک و براکانمان رەوانەی مردن ناکەین؛ ئەوانەی پەنامان بۆ دەهێنن، رادەستی ستەمکارانیان ناکەین.''
ئەردۆغان لەبارەی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی گوتی، ''سووریا چەندە بەشێوەیەکی خێرا ببووژێتەوە و سەقامگیر بێت، گەڕانەوەی ئەو خوشک و برایانەمان کە پەرۆشی زێدی خۆیانن، خێراتر دەبێت.''
هەر لە بارەی چارەنووسی پەنابەرانی سووریا سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ''ئەو خوشک و برایانەمان کە لە رووی ئابووری، ئەکادیمی، زانستی و بازرگانی سوود بە تورکیا دەگەیێنن، ئەگەر دەیانەوێت بمێننەوە، ئێمە دەرگە بەڕوویاندا داناخەین.''
هەسەدە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و یەپەگەی باڵی سەربازیی پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکییەتی.
تورکیا پێی وایە پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە، هەربۆیە داوای ئەوە دەکات لە رۆژئاوای کوردستان و سووریادا نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ