رووداو دیجیتاڵ
دوای کاردانەوە تووندەکان لە بەرامبەر بێ رێزیکردن بە ئاڵای کوردستان لە لایەن سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەوە، سەرۆکی جەهەپە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی لە گەلی کورد کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندان دژی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی قسەکانی مەنسوور یاڤاش کە ئاڵای کوردستانی بە پەڕۆ ناوبردبوو، روونکردنەوەی دا.
ئۆزگور ئۆزەل گوتی "پێنج رۆژە لێرە زۆر قسە دەکەین. زۆر قسەکردنیش بێ هەڵە نابێت. هەر کەسێک لەم مێزگردەوە قسەی کردبێت و قسەیەک لە قسەکانی دڵی کەسێکی رەنجاندبێت، وەک سەرۆکی جەهەپە داوای لێبووردن و گەردن ئازادی لە ئەستۆی منە."
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند: "هەر لێرەوە، جەژنی نەورۆزی هەموو برا کوردەکانم پیرۆز دەکەم. لەم گۆڕەپانەوە سڵاو بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دەنێرم کە لە ئەدیرنە زیندانیکراوە."
شەوی 22ـی ئاداری 2025، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی جیاکاریی حکومەتی لەنێوان چالاکییەکانی پارتەکەی کە جەهەپەیە و دەم پارتی کرد و گوتی، "لەکاتێکدا لە ئیزمیر تەواوی خۆپێشاندانەکان قەدەخە دەکرێن، رێگە بە کۆبوونەوە و چالاکی پارتێک دەدرێت".
لەکاتێکدا لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە، یاڤاش گوتی: "دوێنێ لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێموایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس پەشمەکی بەسەر بەشداربووانی چالاکییەکەدا دابەش دەکرد. ئێمە چاوەڕێ دەکەین لێرەش هێزەکانی ئاسایش پەشمەک بەسەر گەنجاندا دابەش بکەن."
ئەو گوتانە، دەنگدانەوەی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیاندا هێنا. سەرەتا سەندیکای پارێزەرانی وان رایگەیاند، سکاڵای یاسایی لەسەر مەنسوور یاڤاش تۆمار دەکات، دواتر 13 سەندیکای پارێزەرانی باکووری کوردستان یەک دوای یەک رایانگەیاند، هەمان هەنگاو دەنێن.
هەر دوێنێ، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ، بەشداربووانی ئاهەنگەکە رێگەیان نەدا پەیامی نەورۆزی ئۆزگور ئۆزەل بخوێندرێتەوە.
مەنسوور یاڤاش لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2025دا کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوو، 60.43٪ـی دەنگەکانی ئەنقەرەی بردەوە و بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە. لەو هەڵبژاردنەدا بەشێکی دەنگدەری کورد پشتگیرییان لە مەنسوور یاڤاش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ