رووداو دیجیتاڵ
هێرشکردنە سەر ژمارەیەک کرێکاری گەنج و منداڵی کورد لە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا، تووڕەیی و ناڕەزایی کوردی بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتیش دوای ئەوەی دیمەنی هێرشەکە بڵاوکرایەوە و دەردەکەوێت، لەوکاتەدا هێزەکانی فەرماندەیی جەندرمە ئامادەن و هەوڵی پاراستنی کرێکارە کوردەکان نادەن.
کرێکارانی کورد ساڵانە لە وەرزە جیاجیاکانی کشتوکاڵیدا هەزاران کیلۆمەتر لەپێناوی کارکردن لە باخەکاندا دەبڕن و خۆیان دەگەیەننە پارێزگاکانی تورکیا. زۆر جار لەو شارانەدا رووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆر دەبنەوە.
زیاتر لە 70 کرێکاری خەڵکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، لە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا دوو جار رووبەڕووی هێرش بوونەوە. پەرلەمانتارانی دەم پارتی داوای دەکەن بەپەلە گیانی ئەو کرێکارانە بپارێزرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو کرێکارانە کە خەڵکی قەزاکانی جزیرێ، بۆتان و سلۆپیی سەر بە پارێزگای شرنەخن و بۆ کارکردن لە باخەکانی زرباوی (فندق) چوونەتە گوندی "بەکتاشلی" لە شارۆچکەی ئالاپلی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداک لە تورکیا، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن گرووپێکەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
بەرپرسانی کورد هاتوونەتە سەر هێڵ
پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شرنەخ، لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری هێرشەکە بوون، پەیوەندییان بە پارێزگاری زۆنگوڵداک و قایمقامی ئالاپلییەوە کردووە.
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پەرلەمانتارەکانیان راگەیاندبوو، هێزەکانی جەندرمە دەستوەردانیان کردووە و گیانی کرێکارەکانیان پاراستووە، بەڵام ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە و ئەو زانیارییانەی گەیشتوون، دەرکەوتووە ئێوارەی هەمان رۆژ و لە کاتی گەڕانەوەیان لە باخەکانەوە، بۆ جاری دووەم هێرش کراوەتەوە سەر کرێکارە کوردەکان و خێزانەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەی پەرلەمانتارانی دەم پارتیدا هاتووە: "لەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئامادەبوونی هێزەکانی جەندرمە لە شوێنی رووداوەکە، بەڵام نەتوانراوە رێگری لە هێرشەکە بکرێت."
دوای ناڕەزایی و کاردانەوەکان، قایمقامی ئالاپلی رایگەیاند، هەوڵی گواستنەوەی کرێکارەکان و خێزانەکانیان بۆ شوێنێکی ئارام دەدەن و رێکاری ئەمنیی تووند لە شوێنی مانەوەیان دەگرنە بەر.
هاوکات داواکاری گشتیی ئالاپلی لێکۆڵینەوەی یاسایی لەبارەی هێرشەکانەوە دەستپێکردووە.
نەورۆز ئویسال، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند: "هێرشی یەکەم رۆژی 21ی ئاب و هێرشی دووەم رۆژی 22ی ئاب کران".
لەبارەی هۆکاری شەڕ و ناکۆکییەکە ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی رایگەیاند، سەرەتا دەمەقاڵێ لەسەر پاک و خاوێنیی سەر کانی دەستیپێکردووە و دواتر گەورە بوو. هەروەها هێزی ئەمنی ئاگادار کراونەتەوە و رێوشوێن گیراوەتەبەر و بابەتەکە گەورە نەبووە.
ئویساڵ لەبارەی هێرشی دووەم گوتی: "کرێکارە کوردەکان نەیانویست ئەو بابەتە بخەنە ئەستۆی تەواوی خەڵکی گوندەکە، چونکە چەند کەسێک ئەو هێرشەیان کردبوو. هەر بۆیە رۆژی دووەم بە ئاسایی چووبوونەوە سەر کاتی خۆیان.
لەبەرچاوی جەندرمە هێرشکراوەتە سەر کرێکارەکان
زۆرترین رەخنە لەسەر ئەوەیە کە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئەو کرێکارانەدا هێزەکانی جەندرمە لەو ناوچەکە بوونە، بەڵام کرێکارەکانیان نەپاراستووە.
نەورۆز ئویساڵ گوتی:"راستە هێزەکان لەوێ بوون و رێ و شوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر، بەڵام ئەوەی خۆیان باسی دەکەن، بەیانییەکەی زوو لەسەر ئەرکی خۆیان بوونە و کاتێک بینیویانە دۆخەکە ئارامە، مەزەندەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕەکەیان نەکردووە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دۆخی خراپی ئابووریی شارەکانی باکووری کوردستان بە یەکێک لەو هۆکارانە دەزانێت کە گەنج و مێردمنداڵان پەلکێشی شارەکانی تورکیا دەکات و زۆر جار شەڕ و ناخۆشی لە نێوان خەڵکی ئەو ناوچانە و ئەو کرێکارانە روودەدات.
رووداو پەیوەندیی بە یەکێک لە کرێکارەکانەوە کرد کە ناوی (مەسعود بەدوک)ــە. ئەو کرێکارە بە رووداوی گوت کە هێشتا لای هێزەکانی ئەمنین و گوتەیان لێ وەردەگیرێت. ئەو گوتی کە لەوکاتەدا ناتوانن هیچ قسەیەک بۆ میدیا بکەن. بەگوتەی ئەو، بەشێک لە کرێکارە کوردەکان هەتا کاژێر هەشتی ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش هەر لای هێزە ئەمنییەکان بوون.
کرێکاری وەرزی کێن؟
ساڵانە هەزاران کرێکار لە شارەکانی باکووری کوردستانەوە بۆ کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان روو لە شارەکانی تورکیا دەکەن. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو کرێکارانە لە دۆخێکی مرۆیی و تەندروستیی سەختدا دەژین و رووبەڕووی چەندین گرفتی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
هەرچەندە ئامارێکی ورد و فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە ساڵی 2014 کراوە، ژمارەی کرێکارە وەرزییەکان لە تورکیا بە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت. هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی 2023ی دەستەی ئاماری تورکیا، 8.3%ی ئەو کۆچە ناوخۆییانەی لە تورکیا تۆمارکراون، بۆ دۆزینەوەی کار بووە.
ئەو لێکۆڵینەوە مەیدانییانەی لە شارەکانی وەک سێواز، ئەدەنە و سامسون کراون، پەردە لەسەر کۆمەڵێک کێشەی قووڵ هەڵدەدەنەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
•تەنگژەی تەندروستی و دابڕانی کۆمەڵایەتی
•دوورکەوتنەوەی منداڵانی کرێکارەکان لە خوێندن
•کاتی درێژی کارکردن لە هەلومەرجی سەختدا
•بێبەشبوون لە سیستمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی (بیمە).



