رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەرجەم ئەو هەواڵ و دەقانە رەتدەکاتەوە کە وەک "کۆنووس" یان "خاڵەکانی دیداری ئیمراڵی" لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و بە هەوڵێکی "مەترسیدار" ناویان دەبات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-8-2026، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەبارەی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و شاندی ئەو پارتە بڵاوکراونەتەوە.
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "لە چەند رۆژی رابردوودا چەند دەقێک لەژێر ناوی خاڵەکانی دیداری ئیمراڵی بڵاوکراونەتەوە، کە بەبێ روونکردنەوەی چوارچێوە و بنەماکانیان، دەستکاری کراون و شتیان بۆ زیاد و کەم کراوە."
ئەو پارتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەندێک لەو دەقانەی وەک "کۆنووس" بڵاوکراونەتەوە، بانگەشەی وا بڵاوکراونەتەوە کە ئامانجیان "چەواشەکردنی رای گشتی و لەباربردنی پڕۆسەکەیە."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەوڵانە لە "هیچ بارودۆخێکدا قبووڵکراو نین" و دەڵێت: "ئێمە ئەمە وەک چالاکییەکی مەترسیدار بۆ شێواندنی گوتەکانی بەڕێز ئۆجەلان و ئەو پڕۆسەیەی کە گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ هەڵدەسەنگێنین."
تەنیا متمانە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن
لە راگەیێندراوەکەدا، دەم پارتی داوا لە رای گشتی دەکات متمانە بە هیچ بەڵگە و زانیارییەک نەکەن مەگەر لەو سێ سەرچاوە فەرمییەوە دەرنەچووبێت، ئەوانیش شاندی ئیمراڵی، بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارێزەرانی.
ئەم روونکردنەوەیەی دەم پارتی لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا چەندین دەق و زانیاریی جیاواز لە میدیاکانی تورکیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی و ناوەڕۆکی دیدارەکانی ئیمراڵی بڵاوکراونەتەوە.
دەقی راگەیێندراوی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی:
لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند دەقێک لەژێر ناوی خاڵەکانی دیداری ئیمراڵی و بە ئاماژەدان بە ناوی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان
بڵاودەکرێنەوە.
لەو دەقانەی کە بەبێ روونکردنەوەی چوارچێوە و بنەماکانیان لەژێر ناوی (خاڵەکانی چاوپێکەوتن)دا بڵاودەکرێنەوە، دەستکاری کراون و شتیان بۆ زیاد و کەم کراوە؛ هەروەها دەبینرێت کە جارێکی دیکە هەندێک دەستەواژەی تایبەت بە کەسایەتییەکان هەیە. لە هەندێک دەقی دیکەشدا کە لەژێر ناوی (کۆنووس) بڵاودەکرێنەوە، هەندێک بانگەشە دەخرێنەڕوو کە ئامانجیان چەواشەکردنی رای گشتی و لەباربردنی پڕۆسەکەیە.
بەڕوونی رایدەگەیەنین کە ئێمە ئەم هەوڵانە وەک چالاکییەکی مەترسیدار بۆ شێواندنی گوتەکانی بەڕێز ئۆجەلان و ئەو پڕۆسەیەی کە گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ هەڵدەسەنگێنین، کە ئەمە لە هیچ بارودۆخێکدا قبووڵکراو نییە.
جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە؛ نابێت متمانە بە هیچ بەڵگە، تێبینی یان زانیارییەک بکرێت کە لەلایەن شاندی ئیمراڵی، یان بنەماڵە و پارێزەرانی بەڕێز ئۆجەلانەوە (کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکەن) دەرنەچووبێت و لەسەر بنەمایەکی فەرمی نەبێت.
بەڕێزەوە بە رای گشتیی رادەگەیێنین.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
23ی ئابی 2026




