ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا

22-10-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
ماوەیەکە دەنگێک لە ئەنقەرەوە بە ئاراستەی ئامەد دێتە بەر گوێیان. دەنگێک ماوەیەکی زۆرە لە باکووری کوردستان و تورکیا نەبیستراوە. دەنگێکی کز، بەڵام شایەنی گوێ بۆ رادێران. چرپە چرپی دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و لایەنی کوردی لە باکووری کوردستان دەبیسترێ.
 
وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بانگەشەی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ خانوویەک لە گەڕەکێکی چانکایای ئەنقەرە و تەوقەکەی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا و، دەستخۆشییەکەی ئەردۆغان لە باخچەلی لە پای ئەو کارەی کردی، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، پەیامی چەکەرەکردنی قۆناخێکی تازەن.
 
رۆژی دووشەممە دەوڵەت باخچەلی لە پەرلەمانی تورکیا، بە دەنگێکی بەرز و بێ پەردە و پەنا، شتێکی گوت، رووینەداوە لە مێژووی مەهەپەدا. ئەو قسەیەی دەوڵەت باخچەلی لەبەردەم دەیان کەناڵ و هەزاران لایەنگرە نەتەوەگیرە پەڕگیرەکانی گوتی ئەوەبوو: "با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و قسە بکات". ئەو گوتەیە کەم کەس لە باخچەلی چاوەڕێی دەکرد، بۆیە لەپڕ، زۆر بە خێرایی شەقامی باکووری کوردستانی تژی کەلەجان و شەقامی تورکیاشی شڵەقاند.
 
باخچەلی رێک وەهای گوت: "ئەگەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، دەبێت بێتە پەرلەمان و لە فراکسیۆنی دەم پارتییەوە بڵێت، تیرۆر بەسەرچووە و رێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە. من لەگەڵ چارەسەرکردنی یەک بە یەکی کێشەی برایانی منی کورد دام. بۆیە نابێت هیچ برایەکی کوردم کە لەم وڵاتە دەژی، وەکو کێشە نیشان بدرێت، هەر کەسێک بڵێت کێشەی کورد هەیە، پڕوپاگەندەیەکە کە کورد وەکو کێشەیەک دەبینن."
 
باخچەلی بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا "دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمەش دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و نەهێشتنی پەکەکە رابگەیێنێت."
 
زۆری پێنەچوو، هەر لە پەرلەمان و هەر لە هەمان ئەو هۆڵەی باخچەلی قسەکانی لێکرد، توڵای هاتیمئۆغڵوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبارەی قسەکانی سەرۆکی مەهەپە گوتی "دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیردرێت. با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت. رێگەی چارەسەریی پرسی کورد دیارە. موخاتەبی ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. رێگەی چارەسەریش پەرلەمانی تورکیایە."
 
دوای دوولایەنەکەی پەرلەمان، سەرۆککۆمار وەکو کەسی یەکەمی تورکیا لەبارەی ئەو پرسە گوتی، "هیوادارم ئەو پەنجەرەیەی کە دەرفەتێکی مێژووییە و لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە کراوەتەوە، نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکە کەسی."
 
ئەو بۆمبەی باخچەلی تەقاندی، کاردانەوەی بلەز و خێرای بەدوای خۆیدا هێنا. بەشێوەیەک دوای ئەم قسانە پەرلەمانتارێکی تورکیا گوتبووی ئیدی دەرمانی دڵ لەگەڵ خۆمان بگێڕین خراپ نابێت. دواتر ئیبراهیم بیلماز، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی رووداو قسەی بۆ کردم، گوتی، "قسەکانی باخچەلی گرنگن. بەڵام دەمەوێ هەموو خەڵک بزانێت ماوەیەکی زۆر زۆرە ناتوانین هیچ هەواڵێک لە بارەی ئۆجەلانەوە بزانین. بۆ ئەم پرسەش پێویستە رێگە بە ئۆجەلان بدرێت قسە بکات و کپکردنی دەنگی هەڵگیردرێت. بۆ ئەوەی ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیاش قسە بکات دەکرێت رێگایەکی یاسایی بدۆزرێتەوە."
 
لە رووی یاساییەوە یاساناسانی تورکیا دەڵێن: "تەنیا بە دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەت، یان گشتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەتوانێت لە زیندان دەرچێت و لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات. ئەو دەسەڵاتەش لای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمارە."
 
کاتێک پارێزەری ئۆجەلان ئەم قسانەی دەکرد، ئۆزگور ئۆزەڵی سەرۆکی جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردبوو و لەبارەی پرسی کورد باسی زۆر شتیان کردبوو. لەلایەکی دیکەش بڕیارە رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 ئۆزگور ئۆزەڵ سەردانی ئامەدی باکووری کوردستان بکات. جا دوای قسەکەی باخچەلی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر کەسانێک ئەم جۆرە بانگەوازانە بکەن، کە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەمە شتێک نییە رەتی بکەینەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی دروستە لە بەرژەوەندیی تورکیا. جەهەپە لەم بابەتەدا نابێتە ئاستەنگ."
 
سەرۆکی جەهەپە ئاوای گوت، بەڵام بەر لەم لێدوانە پەرلەمانتارێکی هەمان پارت لەسەر هەمان پرس شتێکی زۆر جیاوازی هێنایە سەر زمان و گوتی: ئەم داوایەی دەوڵەت باخچەلی بەبێ ئەوەی لێخۆشبوون بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەرکرێت ئەستەمە جێبەجێکردنی، بۆیە دەبێت دەوڵەت باخچەلی داوای لێخۆشبوونی کردبێت بۆ ئۆجەلان، بۆیە داوایەکی وەها دەکات.
 
کورت و پوخت ئەوەی ئەمڕۆ لەو پرسە دەخوێندرێتەوە، بێ هیچ شک و گومانێک گڕ بوونی ئەو دەنگە کزەیە کە باسم کرد. ئێستا کە مەهەپە ئاوا دەڵێت و کاتی خۆی یەکێک بوو لە لەمپەرەکانی بەردەم پێڤاژووی ئاشتی، پێشهاتێکی تازەیە. شتێکی دیکەش کە نابێت باسی نەکرێت لاواز بوونی جەماعەتی خزمەت و مردنی فەتحوڵڵا گولەنی سەرۆکەکەیەتی. بۆچی؟ چونکە چاودێرانی سیاسیی باکووری کوردستان و تورکیا بەشێک لە تێکچوونی پێڤاژووی ئاشتییان دەخستە ملی ئەو جەماعەتە و خۆشیان لە نزیکبوونەوەی کورد و حکومەتی تورکیا نەدەهات. بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی دەنگی تۆمارکراوی نێو دانیشتنەکانی ئۆسڵۆ لەنێوان پەکەکە و میت شرۆڤەکارانی دۆخی سیاسی دەیخەنە سەر ملی کەسانی نزیک لە جەماعەتی خزمەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە