رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەیەکی نێوان ئەفغانستان-پاکستان، ئەندامێکی داعشیان دەستگیرکردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ تورکیا.
دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا دژی ویلایەتی خۆراسانی رێکخراوی داعش، کەسێکی بە ناوی ئوگور بەهادر، ناسراو بە عەبدوڵڵا، لە ناوچەیەکی نێوان ئەفغانستان-پاکستان دەستگیرکردووە کە لەلایەن داعشەوە بە (ویلایەتی خۆراسان) ناسراوە.
بەپێی راگەیێندراوی میت کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونی هەواڵگری، دەرکەوتووە کە ئوگور بەهادر لە تورکیاوە چووەتە ناوچەیەکی نێوان ئەفغانستان-پاکستان و لەوێ لە کامپەکانی داعش کاری کردووە و ئەرکی جۆراوجۆری بۆ رێکخراوەکە جێبەجێ کردووە.
دانپێدانانەکانی ئوگور بەهادر
دوای دەستگیرکردنی و هێنانەوەی بۆ تورکیا، ئوگور بەهادر لە دانپێدانانەکانیدا زانیاریی لەبارەی ئەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆزگور ئاڵتون (ناسراو بە ئەبو یاسر تورکی) کە بەرپرسی گواستنەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە بووە لە تورکیاوە بۆ ئەفغانستان-پاکستان، درکاندووە.
هەروەها دانی بەوەداناوە کە لە کەمپەکانی داعشدا راهێنانی سەربازی وەرگرتووە، ئەو ئەرکانەی کە لەلایەن داعشەوە پێی سپێردرابوون بەجێی گەیاندووە.
ئوگور بەهادر کێیە؟
لە ساڵی 2024 لە تورکیاوە چووەتە ناوچەیەکی نێوان ئەفغانستان-پاکستان و پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە. لەلایەن ئۆزگور ئاڵتون (ناسراو بە ئەبو یاسر تورکی)ـەوە ئاراستە کراوە، کە لە سەرەتای ساڵی 2025 دەستگیرکرا. رۆڵێکی چالاکی هەبووە لە گواستنەوەی چەکداران لە تورکیاوە بۆ ئەو ناوچەیە.
هەروەها، بەهادر لەگەڵ ئەحمەد کازانجی (ناسراو بە ئەبو عوبەیدە/ئەبو ئیبراهیم) کاری کردووە، کە لە یەکەی راگەیاندنی داعشدا بووە و لە سەرەتای ساڵی 2026 دەستگیرکرا.
میت رایگەیاندووە کە بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، هەندی پیلانەکانی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش لە تورکیا پووچەڵکراونەتەوە و شێوازی وەرگرتنی ئەندام و پیلانەکانیان ئاشکرا کراون.


