رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا کتێبێکی نوێی وانەی کوردیی بە (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چالاککرد. کتێبەکە کە بەپێی "مۆدێلی پەروەردەی سەدەی تورکیا" داڕیژراوە، وەک یەکەم بەشی زنجیرەیەک کتێبی فێرکاریی کوردی بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە بە ناوی "Pirtûka Pola 5an ya Kurdî-Kurmancî" لەسەر پلاتفۆرمی پەروەردەیی ئەلیکترۆنیی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە.
تیمێکی نووسەران و سەرپەرشتیاران کتێبەکەیان ئامادە کردووە و بڕیارە بۆ هەموو پۆلێک کتێبی راهێنان و رێبەری مامۆستایانیش ئامادە بکرێت.
زۆربەی دەقەکانی ناو کتێبەکە، لەگەڵ چەندین چالاکی و راهێنان، کراون بە دەنگ و قوتابییان دەتوانن لە رێگەی (کیوئاڕ کۆد)ەوە لە پلاتفۆرمەکە گوێبیستیان بن. هەروەها چوار گۆرانیی کوردیش بە نۆتەکانیانەوە لە کتێبەکەدا دانراون و بە هەمان شێوە دەتوانرێت گوێیان لێ بگیرێت.
ئەم کتێبەی پۆلی پێنجەم، یەکەم بەشی زنجیرە کتێبێکی فێرکاریی کوردییە. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رایگەیاندووە کە بەدوایدا کتێبەکانی پۆلی شەشەم تاوەکو هەشتەمیش ئامادە دەکات. بەمەش، سەرجەم پرۆگرامی خوێندنی کوردی بۆ قۆناخی ناوەندی ئامادە دەبن.
لە سیستەمی خوێندن لە تورکیا 4 ساڵ بۆ قۆناخی سەرەتایی، 4 ساڵ قۆناخی ناوەندی و 4 ساڵیش بۆ خوێندن لە قۆناخی دواناوەندیە.
زمانی کوردی لە پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8ـی قۆناخی ناوەندی، هەفتانە بۆ ماوەی 2 کاژێر دەخوێندرێت.
لە تورکیا، بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 کۆی گشتیی ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە چوارچێوەی وانەی "زمان و شێوەزارە زیندووەکان" وانەی هەڵبژاردەیی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە، گەیشتە نزیکەی 86 هەزار قوتابی.
لە پارێزگاکانی ئامەد، مێردین، ئێلیهـ زۆرترین خواست لەسەر هەڵبژاردنی زمانی کوردی هەبووە.
مۆدێلی پەروەردەی سەتەی تورکیا، رێبازێکی نوێی پەروەردەیی گشتگیرە و لەسەر بنەمای لێهاتووییە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە ئامادەکراوە و لە قۆناخی پێش قوتابخانەوە تاوەکو دوا پۆلی ئامادەیی، بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت.
تێیدا نەک تەنیا لەسەر بنەمای سەرکەوتنی ئەکادیمی مامەڵە لەگەڵ قوتابی دەکات؛ بەڵکو وەک یەکەیەکی گشتگیر لە رووی ژیری، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، جەستەیی و رەوشتییەوە مامەڵە دەکات.


