سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا

19-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکەش دەرچوو.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە، دەستگیرکراوە.
 
هاوکات گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە و داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە.
 
هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هاوئاهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو.

 

میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.
 
قسەی ئیمامئۆغڵو پێش دەستگیرکردنی: بە نیگەرانییەوە دەڵێم، چۆڕە عەقڵێک هەوڵدەدات ویستی گەلەمان زەوت بکات و پۆلیسی خۆشەویستی و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتمان بۆ ئەم خراپەیە بەکاردەهێنێت. لەبەردەم ماڵەکەمدا، لە بەردەم ماڵی 16 ملیۆن ئیستەنبووڵی؛ سەتان پۆلیس کۆبوونەتەوە. رووبەڕووی زۆرەملێیەکی گەورە بووینەتەوە، بەڵام دەمەوێ پێتان بڵێم کە نابەزین. هەمووتانم زۆر خۆشدەوێ. خۆم سپاردەی گەلەکەم دەکەم. با تەواوی خەڵک بزانن من قیت و لەسەر پێ دەوەستم. بەرەنگاری ئەو کەسە و ئەو عەقڵە دەبمەوە کە تەواوی پرۆسەکەی وەکو داردەست بەکارهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە