پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی تورکیا بەهۆی مشتومڕەکان لەبارەی شێخ سەعیدی پیرانەوە وازی لە پارتەکەی هێنا

15-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئیی پارتی تورکیا وازی لە پارتەکەی هێنا و رایگەیاند، ئامادە نییە لەگەڵ پارتێکی سیاسییدا کاربکات کە باوەڕی بە ناسنامەی نەتەوەیەک و بیروڕای جیاواز نییە.
 
رۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، گەورەشارەوانیی ئامەد کە لەلایەن قەییومەوە بەڕێوە دەبرێت، لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، دەست بە کارەکانی رێگەی سەرەکیی شێخ سەعید دەکەن کە 12 کیلۆمەتر درێژە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوکردنی رێگەکە یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت و گوشاری زۆری هاتووچۆی سەر ئامەد کەم دەکاتەوە. 
 
بەشێک لە نەژادپەرستانی تورک بەتایبەتی لە هەردوو پارتی ئیی پارتی و مەهەپە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "شێخ سەعید"ەوە زمانێکی ناشیرینیان بەرامبەر ئەو شۆڕشگێڕە کوردە بەکارهێنا. بەشێکی هاونیشتمانیانیش وەڵامی ئەو گوتانەیان دایەوە.
 
ئەو رێگەیەی گەورە شارەوانیی ئامەد مەبەستییەتی تەواوی بکات، درێژکراوەی گۆڕەپانی شێخ سەعیدە کە ئەو کاتە ناوی لێنرا عوسمان بایدەمیر سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد بوو؛ هەر بۆیە رێگەکەش بە هەمان ناوەوەیە.
 
مشتومڕەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیش بێنە وەڵام. یەکێک لەوان سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بوو کە وەڵامی نەژادپەرستەکانی دایەوە و شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی بە کەسایەتیی گەورەی کورد، شۆڕشگێڕ و بڕوادار ناوبرد.
 
ئیی پارتی رایگەیاند، سالم ئەنسارئیۆغڵو لە پەیڕەوی ناوخۆی ئیی پارتی لایداوە و هەربۆیە دۆسیەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی دیسپلین کرد. ئەوەش کاردانەوەی لای سالم ئەنساریئۆغڵو دروستکرد و دەستلەکارکێشانەوەی لە ئیی پارتی راگەیاند و گوتی، لەمەودوا پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە.
 
سالم ئەنساریئۆغڵو گوتی، "ئەم هەڵوێستەی ئیی پارتی دوورە لە فەلسەفە و بنەمای نەتەوەپەرستی و ناسنامەی دیموکراسییەوە. وا دیارە ئیی پارتی بەرگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیی دیکە ناگرێت و باوەڕی بە بیروڕا و باوەڕی جیاواز نییە".
 
سالم ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، "ئەو بنەمایەی من و ئیی پارتی کۆدەکردەوە، نەما. کەسێکم کە هیچ کاتێک لە هەڵوێستم پاشگەز نابمەوە. پەیامەکەم بە گوتەیەکی شێخ سەعید کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت، "بێدەنگبوون لە بەرامبەر ناهەقی، بێڕێزیکردنە بە یەزدان"؛ منیش لە بەرامبەر ئەم ناهەقییە بێدەنگ نابم و دەستلەکارکێشانەوەی خۆم رادەگەیێنم". 
 
شێخ سەعیدی پیران کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە؛ ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە 13ـی شوباتی 1925دا شۆڕشی دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد و ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و پێکدادان لەنێوان هێزەکەی و هێزەکانی دەوڵەت دروستبوو. لە نیسانی ئەو ساڵەدا شێخ سەعید و نزیکەی 30 هاوڕێی لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی لە ئامەد لەسێدارەدران.
 
سالم ئەنساریئۆغڵو کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراوە؛ ساڵی 1955 لە ئامەد لەدایکبووە؛ چوار خول پەرلەمانتار بووە و چەند جارێکیش پۆستی حکومەتی هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە