رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا (تویک) کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ژمارەی بێکارانی باکووری کوردستان و تورکیا لە مانگی نیسانی 2023 بەراورد بە ئاداری 2023 بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 10.2٪.
لە راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیادا باس لەوە کراوە، ژمارەی بێکاران لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 585 هەزار کەس؛ لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە مانگی ئاداردا 3 ملیۆن و 511 هەزار بووە.
لەنێو ئەو ئامارەدا رێژەی بێکاری بۆ پیاوان 8.1٪ و بۆ ژنانیش 14.3٪ـە؛ هەروەها رێژەی بێکاری بۆ گەنجان 19.1٪ـە.
ژمارەی هێزی کار لە نیسانی 2023 بەراورد بە مانگی ئادار 594 هەزار کەس زیادیکردووە و، گەیشتووەتە 35 ملیۆن و 195 هەزار کەس.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی جمهوور دەکات، لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵدا زۆرینەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆککۆماریشی بردەوە، بڕیاریدا لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتە ئابوورییەکانی وڵات، دەست بە هەڵمەتێکی جیدی بکات.
ئەردۆغان کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا سێ جار لەگەڵیدا کۆببووەوە، محەممەد شیمشەکی کردە وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا و هاووڵاتیانی تورکیاش چاوەڕوانن شیمشەک بتوانێت گۆڕانکاری لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ