سەرۆککۆماری تورکیا: هەموو هەوڵێک لەپێناو هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەدەین

11-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبوونەوە و چەند پرسێکی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان رایگەیاندووە، ئەنقەرە هەوڵ دەدات سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی هەینی 11ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای تاوتوێکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتوێ کران.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی و ئاسایشی خاکی سووریا کردەوە، باسی لەوەش کرد، "بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی تورکیا و سووریا، پێویستە هەوڵ و هەنگاوەکان زیاتر بکرێن."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە، حکومەتی وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک لەپێناو هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەدات؛ هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سووریا."
 
سووریا ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر کۆمەڵێک سزای قورسی وڵاتانی رۆژئاوایە، کە کاریگەرییان لە هەموو کەرت و خزمەتگوزارییەکی وڵاتەکە هەبووە. زۆرترین سزاکان لەسەر کەرتەکانی وزە، خزمەتگوزاری و فەرمانگە داراییەکان، سوپا، گواستنەوە و پەیوەندییەکانە.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رۆژی 4ی شوباتی 2025 سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە