رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری دەبێتەهۆی بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر غەززە دەڵێت، "بێدەنگبوون لەئاست کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل، هاوبەشیکردنی تاوانەکانیەتی."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بە زیانەکانی شەڕی چوار دەیەی رابردووی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی، "پشت بە خودا، دوای ئەوەی لە بەڵای تیرۆر رزگارمان بوو، لە ئابووریدا بە شێوەیەکی خێرا و جیاواز گەشە دەکەین."
ئەو گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پەکەکە دوو رۆژ دواتر رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە پرۆسەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبێت.
سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئیسرائیل گرت، بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناوی برد و گوتی، "بێدەنگبوون لەئاست کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل، هاوبەشیکردنی تاوانەکانیەتی."
سەبارەت بە پەیوەندیی تورکیا و ئەمریکا، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی گرنگی بە پەیوەندیی بازرگانیی دووقۆڵیی نێوانیان دەدات؛ گوتیشی، "باوەڕم وایە لە ماوەی دووەمی سەرۆک ترەمپدا، بە پشتگیریی ئەو دۆستایەتییە نزیکییەی هەمانە، پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارێکدا لەگەڵ ئەمریکا بەرەوپێشەوە دەچن."
لەبارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئامانجی لەپێشینەی ئەوان ئەوەیە "رێککەوتنێکی ئاشتی و دادپەروەرانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ