لە تورکیا داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سێ سەرۆکی حیزب دەکرێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە 14 پەرلەمانتار کە هاوسەرۆکی دەم پارتی، سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی ئیی پارتیش لەنێویاندایە، 17 دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دادی تورکیا 17 دۆسیەی تاوان لە دژی 7 پەرلەمانتاری دەم پارتی بە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆک، 6 پەرلەمانتاری جەهەپە، بە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و موساوات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ دۆسیەکانی تاوان لەدژی هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری (هاوسەرۆکی دەم پارتی)، محەممەد روشتو، سینان چیفتەیورەک، ساباهات ئەردۆغان ساریتاش، عەلی بۆزان، عومەر فاروق هولاکو و ئایتان کۆردو، پەرلەمانتارانی دەم پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل (سەرۆکی جەهەپە)، عەلی ماهیر باشاریر، گولیزار بیچەر کاراجا، کادری ئەنیس بەربەرئۆغڵو، ڤەلی ئاغبابا و ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتارانی جەهەپە و موساڤات دەرویشئۆغڵو (سەرۆکی ئیی پارتی) تۆمارکراوە. 
 
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28مین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 780 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 534یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراوە. هەر لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا، لە کۆی 534 دۆسیەی تاواندا 101 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراوە. 
 
هەروەها رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا-تیپ سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو. 
 
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە