عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەهیوام و کاری بۆ دەکەم

09-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کورستان (پەکەکە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، ''تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەم پرۆسەیە دەبم. بەهیوام و لەپێناویشیدا کار دەکەم''.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.
 
پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە نێوەڕۆکی ئەم سەردانە گوتی، ''بە بەڕێز ئۆجەلانمان گوت، خەڵک متمانەی تەواوی بە ئێوەیە و پاڵپشتی لە بانگەوازەکەتان دەکات. باوەڕیان بە ئێوە و بۆچوونەکانتان هەیە. بەڵام ئەوان بەهۆی پرۆسەکانی پێشوو، بە گومان و دوودڵن''.
 
بە گوتەی برازاکەی، ئۆجەلان لە وەڵامی ئەمەدا گوتوویەتی، ''خەڵک مافی خۆیەتی بەم جۆرە بیربکاتەوە. بەڵام من پێداگرم لەوەی تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا دەبم، بەهیوام و لە پێناویشیدا کار دەکەم''.
 
ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان گوتی، کۆنگرە ببەستن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن. دوو رۆژ دواتر، پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
 
پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی بانگەوازەکە دەڵێت، ''بە بەڕێز ئۆجەلانمان گوت، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەڵمانیا، ئەمریکا، رووسیا و چین، پاڵپشتی و پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات کرد. ئەویش بۆچوونەکانی خۆی لەمبارەیەوە دەربڕی''.
 
ئۆجەلان دەربارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵ لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری کردووە، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، ''پێمان گوت، لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا خەڵک پاڵپشتی لە پرۆسەکە و بانگەوازەکەی ئێوە کرد. لە رۆژئاڤا و رۆژهەڵاتیش ئاهەنگەکان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون''.
 
لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، لە پارێزگاکانى لازقییە و تەڕتووس کە دوو پارێزگەى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون.
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری دۆخی سووریا دەکات و بارەگەکەی لە لەندەنە، 973 سڤیل و 250 چەکداری عەلەوی، هەروەها 230 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی سووریا کوژراون.
 
بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆجەلان ''رەخنە''ی لە شێوازی حکومڕانیی حکومەتی ئێستای سووریا گرتووە، هەروەها لەبارەی گرژییەکانی نێوان دەسەڵاتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە مانگی رابردوو، گوتوویەتی، ''ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەرعەلەوییەکان کرا، قبووڵی ناکەین و بە دروستی نازانین. دەبێت مافی نوسەری وعەلەوی و درووزییەکان بپارێزرێت. ئەوانیش دەتوانن هاوشێوەی ئەو سیستمانەی کورد پێکیهێناون، پێکبهێنن. دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکدی دروست بکەن''.
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی دەم پارتی رەخنە و پێشنیازی هەبووە، گوتوویەتی، ''ئێوە هەوڵنادەن، دەبێت زیاتر خۆتان ماندوو بکەن، دەبێت ماڵ بە ماڵ، شەقام بە شەقام بگەڕێن و بەڕێکخراوەیی بن. من لە منداڵییەوە بەمشێوەیە کار دەکەم؛ ئێمە گرووپی نوێژخوێنانمان هەبوو، گرووپی خوێنکارانی قوتابخانەمان هەبوو''.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە