رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریا رایگەیاند، ''هەرگیز هەڵەیەکی وا ناکەین بەزۆر بیانگەڕێنینەوە''. لەبارەی شەڕیان لەگەڵ پەکەکەوە دەڵێت، ''کۆتایی بە بەڵای 40 ساڵەی وڵاتەکەمان دەهێنین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و دەربارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بەدرێژایی 13 ساڵ باوەشیان بۆ پەنابەرانی سووریا کردەوە و گوتی، ''دەستمان بە رووی ئەو ستەمدیدانەوە نەنا کە نامووس و شکۆی خۆیان بە ئێمە سپارد''.
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی ئاراستەی جەهەپە کرد بەوەی هەر لە سەرەتاوە دژی مانەوەی پەنابەرانی سووریا بوو و جەختیکردەوە، ''هەرگیز هەڵەیەکی وەها ناکەین بەزۆر بیانگەڕێنینەوە''.
ئەردۆغان جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە بەردەوام دەبن و گوتی، ''لە ناوەوە و دەرەوەدا(تورکیا و باشوور و رۆژئاوای کوردستان) بەرهەمی ستراتیژیی 'لەنێوبردنی تیرۆر لە ریشەوە' کۆدەکەینەوە کە ماوەیەک لەمەوپێش دەستمان پێیکردبوو. ئامانجمانە ئەو بەڵا 40 ساڵەیەی کە دووچاری وڵاتەکمان بووەتەوە، نەیهێڵین''.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە، سەت ساڵەی تورکیا دەکەن بە سەت ساڵەی برایەتی و راشیگەیاند، ''پشتیوان بە خودا لەڕێگەی بەکارهێنانی هەموو ئەو توانایانەی لە وڵاتەکەماندا هەن، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر مان بەدیدەهێنین''.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە رۆژی 08-10-2024 رووخا و ئێستا سووریا لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدایە.
لەبارەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا، بەگوێرە دوایین ئاماری وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە 8ـی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا، 35 هەزار و 114 پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ