رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆنگرێسی لە ویستی خۆی ئاگادار کردووەتەوە بۆ فرۆشتنی دەیان بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا کە بەهاکەی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری ئەمریکاییـە. ئیدارەی ترەمپ یەکەمجار رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026 رایگەیاندبوو کە سەرەڕای تێبینی و نەبوونی رەزامەندیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بەهۆی کڕینی سیستمەکانی بەرگریی رووسیی ئێس 400 لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2019دا، پلانی هەیە پڕۆسەی فرۆشتنی بزوێنەری فڕۆکەی (کان) بەرەو پێش ببات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو ئاگادارکردنەوەیەی کە بۆ کۆنگرێسی ناردووە، رایگەیاندووە: "حکومەتی ئەمریکا بە رەچاوکردنی لایەنە سیاسی، سەربازی، ئابووری، مافەکانی مرۆڤ و کۆنتڕۆڵکردنی چەکەکان، ئامادەیە رێگە بە هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە بدات." ئەو فرۆشتنە بەر لە بەڕێوەچوونی لووتکەی گرنگی ناتۆ لە مانگی داهاتوودا لە ئەنقەرە، وەک دەستپێشخەری و دیارییەکی گرنگ دەردەکەوێت هەم بۆ ئەنقەرە و هەم بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە ترەمپ وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی دەیناسێنێت. ئەگەر کۆنگرێس بخوازێت رێگری لەم فرۆشتنە بکات، 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەکی هاوبەش و پەسندکردنی لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە. رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیران، کاتێک لەبارەی بزوێنەری فڕۆکەکە، پڕۆگرامی F-35 و پلانەکانی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەوە پرسیار لە ترەمپ کرا، لە وەڵامدا گوتی: "پێدەچێت کارێک بکەم کە زۆر دڵخۆشیان بکات." بۆچی تورکیا لە پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوورخرایەوە؟ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2019دا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرژ کرد و پشتیوانیی کۆنگرێسی بۆ ئەنقەرە پەکخست. لە بەرامبەردا واشنتن سزای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند و تورکیای لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. کۆنگرێسی ئەمریکا بەو پاساوەی کە سیستمە رووسییەکان مەترسیی ئەمنی بۆ سەر فڕۆکە جەنگییە دروستکراوەکانی ئەمریکا دروست دەکەن، یاسایەکی دەرکرد کە فرۆشتنی F-35 بە تورکیا قەدەخە دەکات تا ئەو کاتەی ئەنقەرە سیستمی ئێس 400ی لەدەستدا بێت. سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە سەردەمی ترەمپدا پەیوەندیی گەرمتری لەگەڵ واشنتن هەبووە، بەڵام ئەم بابەتە وەک خاڵێکی ناکۆکیی گرنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا مابووەوە و ترەمپ ئێستا خەریکی کردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیەیە. فڕۆکەی جەنگیی کان (کان)، یەکەم فڕۆکەی جەنگیی دروستکراوی ناوخۆیی تورکیایە. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2016دا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ لە بواری بەرگریدا دەستی پێ کردووە. تورکیا دەیەوێت فڕۆکەی جەنگیی KAAN ببێتە جێگرەوەی سەرەکیی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 کە بڕبڕەی پشتی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیایە. لەو دەقە ناساندنەی کە لەلایەن TUSAŞـەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکەی KAAN دەکرێت لە ساڵانی 2030ـەوە شوێنی فڕۆکەکانی F-16 بگرێتەوە. تورکیا دان بەوەدا دەنێت کە ئەم پڕۆسەیە ساڵانێکی زۆر دەخایەنێت. دوای دوورخستنەوەی تورکیا لە پڕۆژەی F-35، ئەنقەرە بڕیاری دا پشت بە فڕۆکەی "کان" ببەستێت، بەڵام بۆ دروستکردنی پێویستی بە بزوێنەری F110ی ئەمریکایی هەیە. بزوێنەری F110 چییە؟ ئەم بزوێنەرە لەلایەن کۆمپانیای General Electric بەرهەم دەهێندرێت و لە فڕۆکەکانی F-16 و F-15EX Eagle IIـیشدا بەکار دێت. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە، ئێستا 17 وڵات ئەم بزوێنەرە لە فڕۆکە جەنگییەکانیاندا بەکار دەهێنن. بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکاییـەکان بتوانن ئەم جۆرە بەرهەمانە بفرۆشن، پێویستییان بە رەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە. ئێستا تورکیا بۆ کڕینی 80 بزوێنەری F110، رێککەوتنێکی بە بەهای زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئەمریکا هەیە و لە چاوەڕوانیی رێگەپێدانی کۆنگرێسە. عەبدولڕەحمان شەف، سەرۆکی فەرمانگەی فڕۆکەوانی لە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگری، لە ساڵی 2023دا رایگەیاندبوو کە 6 بزوێنەری F110 بۆ بەکارهێنان لە 3 پڕۆتۆتایپی یەکەمی فڕۆکەی جەنگیی "کان" رادەستی تورکیا کراون. لەو سەردەمەدا دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە تورکیا داواکاریی بۆ بەرهەمهێنانی هاوبەشی F110 پێشکەش کردووە، بەڵام ئەم داواکارییە قبووڵ نەکرا؛ بۆیە تورکیا بڕیاری دا بیر لە دروستکردنی بزوێنەری هاوشێوە بە ناوی TF35000 بکاتەوە. چی بەسەر بزوێنەری ناوخۆیی کان هات؟ تەمەل کۆتیل، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوکاتی TUSAŞ لە ساڵی 2023دا گوتبووی کە پلانیان هەیە لە ساڵی 2028ـەوە بزوێنەری ناوخۆیی لە فڕۆکەکانی "کان"دا بەکار بهێنن. کۆمپانیایەک بە ناوی TR Motor کە لەلایەن TUSAŞـەوە دامەزراوە، بەرپرسیارە لە گەشەپێدانی بزوێنەری ناوخۆیی و بزوێنەری TF35000 وەک جێگرەوەی F110 بەرهەم دەهێنێت. بەڵام محەممەد دەمیرئۆغڵو، بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای TUSAŞ لە حوزەیرانی 2025دا ئاشکرای کرد کە تێکەڵکردنی بزوێنەری TF35000 لەگەڵ فڕۆکەی "کان" تاوەکو ساڵی 2032 چاوەڕوان ناکرێت. تاوەکو ئەو کاتەش، پێویستیی بزوێنەری فڕۆکەکان لە رێگەی F110ـەوە دابین دەکرێت. هالوک گۆرگون، سەرۆکی پیشەسازیی بەرگری، رایگەیاندووە کە لە رابردوودا دواکەوتن لە پڕۆسەی گەشەپێدانی بزوێنەری ناوخۆیی هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو پرسە بووەتە لەپێشینەی کارەکانیان. بەرهەمهێنانی کان لە چ قۆناخـێکدایە؟ بۆ تورکیا کە دەیویست فڕۆکەکانی F-16 بە F-35 نوێ بکاتەوە، دوورخستنەوەی لە ساڵی 2019دا وای لێ کرد روو لە گەڕان بەدوای فڕۆکەی جەنگیی دیکەدا بکات. تورکیا لە لایەکەوە رێککەوتنی بۆ کڕینی F-16 و یورۆفایتەر واژۆ کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە پێشینەی داوەتە پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگیی ناوخۆیی. لە ئایاری 2026دا، گرێبەستێکی دابینکردن بۆ فڕۆکەی جەنگیی (کان) لە نێوان سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگری و کۆمپانیای TUSAŞ واژۆ کرا. بەپێی راپۆرتەکانی میدیای تورکیا، ئامانج ئەوەیە لە ساڵی 2028 تاوەکو کۆتایی 2030، 20 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (KAAN Block-10) رادەستی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان بکرێت. تورکیا بەهۆی ئەوەی هێشتا نەیتوانیوە بزوێنەری ناوخۆیی بەرهەم بهێنێت، لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دواکەوتووە و بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەش چاوی لە بزوێنەرەکانی F110ی ئەمریکاییـە. تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەی کان بەپێی زانیارییەکان، کان لە فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی 5ـەمە کە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگییە لە جیهاندا و توانای شەڕی ئاسمان بۆ ئاسمان و ئاسمان بۆ زەویی هەیە. بۆ ئەوەی فڕۆکەیەک ببێتە نەوەی 5ـەم، پێویستە بەبێ بەکارهێنانی سووتێنەری پاشکۆ (Afterburner) توانای فڕینی خێرا لە سەرووی خێرایی دەنگەوە (Super Cruise) هەبێت. پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحموود فارووق ئەکشیەت، بەڕێوەبەری TEI، دەڵێت تەنیا 2 بۆ 3 بزوێنەر لە جیهاندا ئەم تەکنەلۆژیایەیان هەیە کە بریتین لە بزوێنەری F-22 Raptureی ئەمریکایی و سوخۆی رووسی. دیزاینی ژووری فڕۆکەوانی فڕۆکەکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی فڕۆکەوانەکە بۆ کەمترین ئاست کراوە. ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت لەگەڵ سیستمەکانی دیکە وەک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکەکانی F-16 بە شێوەی هاوبەش کار بکات. (کان) کە پانیی باڵەکانی 14 مەترە، درێژییەکەی 21 مەتر و بەرزییەکەی 6 مەترە. بەرزترین خێرایی دەگاتە 1.8 ماخ کە دەکاتە 2,223 کم لە کاژێرێکدا. فڕۆکەی KAAN لە 21ی شوباتی 2024دا یەکەم گەشتی ئاسمانیی خۆی ئەنجام دا. ئەردۆغان دوای بینینی تاقیکردنەوەکە گوتی: "تورکیا لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگیی نەوەی 5ـەمی خۆیدا، قۆناخــێکی زۆر گرنگی تێپەڕاند." تورکیا لە 11ی حوزەیرانی 2025دا رایگەیاند، 48 فڕۆکەی جۆری (کان) بە ئەندۆنیزیا دەفرۆشێت. ئێستا بۆ پەرەپێدانی ئەم فڕۆکەیە، تورکیا چاوەڕێی "دیارییەکەی ترەمپ"ـە کە بڕیارە پێش لووتکەی ناتۆ لە تەممووزی 2026دا یەکلا ببێتەوە و چیدیکە پڕۆسەکە دوا نەکەوێت.