رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند کە زۆربەی قۆناخەکانی پرۆسەی فەرمیی "تورکیای بێ تیرۆر" تەواو بوون و لە داهاتوویەکی نزیکدا پرسی تیرۆر بە تەواوی لە کارنامەی وڵاتدا لادەبرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو یاسایەی بڕیارە لەم چوارچێوەیەدا دەربکرێت، هاوشێوەی لێبووردنی گشتی نابێت، بەڵکو زیاتر وەک رێکخستنەوەی سزاکان دەبێت.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی دا، لەبارەی پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و داماڵینی چەک رایگەیاند: "ساڵانێکی درێژە چەندین وڵات هاوکاری و چەکیان پێشکەشی بە پەکەکە کردووە، بەڵام ئێستا تورکیا قۆناخێکی نوێ دەستپێ دەکات. تورکیا فاکتەرە دەرەکییەکانی بینیوە و تێگەیشتوون کە چیتر ناتوانن لە رێگەی سووریاوە هەڕەشە لە تورکیا بکەن. 80% بۆ 90%ی کارەکە لەم پرسەدا تەواو بووە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە تێچووی ئابووریی شەڕیش کرد و گوتی: "زیانی دارایی تیرۆر لە رابردوودا گەیشتووەتە 1.3 تریلیۆن دۆلار" و پێشبینی دەکات ئێستا دوو هێندە بووبێتەوە.
کورتوڵموش لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەژێر چەتری پەرلەماندا، گرنگیی بەشداریکردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نیشان دا و رایگەیاند: "لە کاتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا ، بەشداریکردن و پاڵپشتیی لایەنەکانم بە گرنگ زانیوە. بە تایبەتی خاوەنداریکردن و پێشکێشکردنی هاوکاری لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەم لیژنەیەدا هەنگاوێکی گرنگە و چاوەڕوان دەکەین جەهەپە بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەڵوێستە ئەرێنییەی خۆی."
ئەم راگەیاندنە گرنگەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، روونکردنەوەیەکی ستراتیژیی نوێیە لەسەر ناوەڕۆکی ئەو چوارچێوە یاساییەی کە دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت پێش داخرانی پەرلەمان لە کۆتایی مانگی تەممووزدا پەسندی بکات. پرسی دەرکردنی یاسایەک بۆ چەکدارانی پەکەکە کە بێتە هۆی داماڵینی چەک و گەڕانەوەیان، یەکێکە لە بابەتە هەرە هەستیارەکان، چونکە لایەنە نەتەوەییەکانی ناو هاوپەیمانیی دەسەڵات (وەک مەهەپە) پێشتر دژی هەر جۆرە لێبووردنێکی گشتی بوون؛ بۆیە لێدوانەکەی کورتوڵموش کە جەخت لەسەر "رێکخستنەوەی سزاکان" دەکاتەوە نەک لێبووردن، وەک هەوڵێکە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانە.
.jpg&w=3840&q=75)


