رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، تەنیا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەیە. دەشڵێت، ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا ''باسی پێکهێنانی زەوینەیەکی دیموکراسی دەکات، تێیدا کورد و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بتوانن، بەبێ ئەوەی دەستبەسەر و زیندانی بکرێن، سیاسەت بکەن.''
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، شەوی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، ''باسی یەپەگە ناکات، بانگەوازەکە راستەوخۆ بۆ پەکەکەیە. شتێک لە پەیامەکەدا نەنووسرابێت، ناتوانین بڵێین مەبەستی ئەمەیە.''
دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە (27ـی شوباتی 2025) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ، بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن پەروین بوڵدان بەتورکی خوێندرایەوە، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجەلان یاداشتێکی پێداوە کە لە بانگەوازەکەدا نەنووسراوە، ئۆندەر لەسەر زاری ئۆجەلانەوە گوتی، ''بێگومان دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەشێوەیەکی کرداری، پێویستی بەوەیە، دان بە رەهەندی یاسایی و سیاسەتی دیموکراسیدا بنرێت.''
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی مەبەستی ئۆجەلان لەم نووسراوە دەڵێت ''لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، باسی وەچارخانێکی دیموکراسییش دەکات. باس لە پێکهێنانی زەوینەیەکی دیموکراسی دەکات، تێیدا کورد و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بتوانن، بەبێ ئەوەی دەستبەسەر و زیندانی بکرێن، سیاسەت بکەن''.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، رۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2025، لە دوایین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو رێکیخستبوو، گوتی، ''پێویستە هەندێک چاکسازیی یاسایی بکرێن، زیندانییانی نەخۆش هەن کە بەلای ئۆجەلانەوە گرنگن. لەدوای چەکدانان و هەڵوەشانەوە، بابەتی پێگەی یاسایی ئەندامانی پەکەکە دێتە بەرباس، ئەمە پەیوەندیدارە بەم شوێنەی ئێستا ئێمە لێین (هەرێمی کوردستان)، چونکە مەبەستەکە قەندیلە، قەندیل لەنێو خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.''
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتیشی، ''با وای دابنێین، پەکەکە چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە، بە سەدان و هەزاران پەکەکەیی لەم خاکەدا هەن، ئەمانە چییان بەسەر دێت؟ لە کوێ دەخەون و دەمێننەوە؟ پێگەیان چی بەسەر دێت؟ ناسنامەیان چی لێ دێت؟ دەبن بە هاووڵاتیی کوێ؟ مەبەست لەمە (پەیامەکەی ئۆجەلان)، چاکسازیی یاساییە، بۆ ئەمەش پێویستی بە دەرچوونی هەندێک یاسا دەبێت، ئەمەش دەکەوێتە سەر دەسەڵات.''
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1ـی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێیدەکەن و لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ