رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی پارتی رەنج کە لە سەر لیستی پارتی چەپی سەوز خۆیان بەربژێر کردبوو و چوونەتە پەرلەمان، جیابوونەوەی خۆیان لە یەسەپە راگەیاند. هاوگوتەبێژی یەسەپە لەوبارەیەوە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
هەریەک لە سێڤدا کاراجا، پەرلەمانتاری بازنەی دیلۆک و ئیسکەندەر بایهان، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ کە ئەندامی پارتی رەنجن و لە ژێر لیستی یەسەپە چوونەتە پەرلەمان، ئەمڕۆ شەممە، 3-6-2023 جیابوونەوەی خۆیان لە لیستی یەسەپە راگەیاند. لەو بارەوە ئیبراهیم ئاکن، هاوگوتەبێژی پارتی چەپی سەوز – یەسەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شتێکی ئاساییە کە ئەوان جیاببنەوە؛ ئەوە بڕیاری خۆیانە. هیچ ناکۆکییەکیش لە نێوانماندا نییە".
هاوگوتەبێژی یەسەپە هەروەها باسی لەوە کرد کە بەم زووانە راگەیێندراوی تایبەتیان لەو بارەوە دەبێت.
لەمەودوا ئەو دوو پەرلەمانتارە وەک پەرلەمانتاری پارتی رەنج ناویان دێت. دوای جیابوونەوەیشیان ژمارەی پەرلەمانتارانی لیستی یەسەپە لە 61 پەرلەمانتارەوە بۆ 59 پەرلەمانتار دادەبەزێت.
هەدەپە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ شەش پارتی چەپ و سۆسیالیست دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی"ی بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند و نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد. ئەو شەش پارتە کە لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە پارتی کرێکاری تورکیا TİP، پارتی رەنج EMEP، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023دا 5 ملیۆن و 758 هەزار و 937 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە 10.6٪ی کۆی دەنگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان 65 کورسی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان بردەوە. لەو 65 کورسییە 61یان یەسەپە بوون و چوارەکەی دیکە پارتی کرێکاری تورکیا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ