رووداو دیجیتاڵ
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر بە تاوانی سووکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران بە هەشت هەزار و 700 لیرەی تورکی (نزیکەی 200 دۆلار) سزای دارایی درا.
دادگەی سزاکانی خنس لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەیە دا کە بەهۆی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە یادی کەسایەتییەک" لە دژی ئومیت ئۆزداغ کرابووەوە.
دادگەکە سەرەتا سزای 87 رۆژ زیندانیکردنی بۆ ئۆزداغ بڕییەوە، دواتر سزاکەی گۆڕی بۆ سزای دارایی بە بڕی هەشت هەزار و 700 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 200 دۆلار.
لەبەردەم دادگە پشێوی دروستبوو
دوای بریارەکەی دادگە، کەسوکاری شێخ سەعید لە ناو باڵەخانەی دادگەدا بە درووشمی "ئومیت-ی فاشیست" ناڕەزاییان نیشاندا.
دواتر ئومیت ئۆزداغ لەبەردەم دادگەی خنس قسەی بۆ میدیا کرد و ناڕەزایەتیی بەرامبەر بڕیارەکە نیشاندا و گوتی: "کەمێک لەمەوبەر دادگە بڕیاری راگەیاند. بەهۆی سووکایەتیکردن بە یادی شێخ سەعید سزای دارایی منی دا و هاوکات راگەیاندنی ئەو حوکمەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دواخست. بێگومان ئەمە قبووڵکراو نییە. بۆچی؟ چونکە دادگە بەوە رازی بووە کە شێخ سەعید یادەوەرییەکی هەیە کە دەکرێ سووکایەتیی پێ بکرێت، لەکاتێکدا ئێمە ئەمەش قبووڵ ناکەین."
ئۆزداغ هەروەها گوتی: "ئەم سزایە تەنیا بۆ من نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا سزایەکە بۆ دەوڵەتی کۆماری تورکیا. سزایەکە بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا و ئەو هێزانەی دژی تیرۆر جەنگاون و راپەڕینیان سەرکوت کردووە؛ بەداخەوە ئەم بڕیارە راست نییە. بۆیە بەردەوام دەبین لە خەباتی یاساییمان و پارێزەرەکانمان لە رۆژانی داهاتوودا تانە لە بڕیارەکە دەدەن و دەیبەنە دادگەی پێداچوونەوە".
ئۆزداغ ئاماژەی بەوەش کرد: "بابەتەکە ئەو هەڵوێستەیە کە من و پارتەکەم بەرامبەر راپەڕینێک دژی کۆمار وەرمانگرتووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بەم روونییەی ئێستامانەوە لەسەر ئەو هەڵوێستە بەردەوام بین. شێخ سەعید لەو شوێنە مێژووییەدا دادەنێین کە شایەنییەتی."
ئۆزداغ ئەو دۆسیەیەی بە دۆسیەیەکی سیاسی ناوبرد.
پارتی زافەر
زافەر، پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکیایە؛ رۆژی 26ی ئابی 2021 بە سەرۆکایەتیی ئومیت ئۆزداغ دامەزراوە و ناوەندی سەرەکیی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە. لە پەرلەمانی تورکیادا هیچ کورسییەکی نییە.
ئومیت ئۆزداغ، سیاسەتڤان و نووسەری تورک کە ساڵی 1961 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لە دایکبووە، لە 2005-2006 و 2010-2016 ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو.
دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، لە 2017-2021 بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر. دواتر لە ئیی پارتیش جیابووەوە.
ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار. ساڵی 2021 بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی ئیستەنبووڵ.
پارتی زافەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023'دا ئەگەرچی 2.23٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانی پەرش و بڵاوبوون و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

