بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دیمەشق دەکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی رێککەوتن لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەرپرسانی دیمەشق، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە  دەنگۆکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە دەکەن.
 
کەمال ئاکیف، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کە لەسەر رەشنووسێک یان لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ دیمەشقدا بڵاوکراونەتەوە".
 
کەمال ئاکیف دەڵێت: "ئامادەکاری هەیە بۆ قۆناخی کۆبوونەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە یەکخستنی میکانیزمەکان و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی سووریا".
 
لە چەند میدیایەک دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، کە بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) و بەرپرسانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیمەشق کۆبوونەتەوە و لەسەر بەڕێوەبردنی چەند ناوچەیەک رێککەوتوون، لەوانە دێرەزوور و دەوروبەری.
 
8ـی ئەم مانگە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی هەتەشە، توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە بهێنێت.
 
هەوڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دیالۆگی کوردی - کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان بە یەک گوتار روو لە شام بکات. بەرپرسانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا دەڵێن، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ شام بکەن، داوای فیدراڵی بۆ سووریا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە