رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لەبەردەم دادگایەکی تاوان لە دیمەشق بەڕێوەچوو. وەسیم ئەسەد بە چەندین تۆمەتی قورس کە دیارترینیان "تاوانی جەنگ و بازرگانیکردنە بە مادەی هۆشبەر" دادگایی دەکرێت.
بەپێی ئەو وێنانەی تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا بڵاویکردوونەتەوە، وەسیم ئەسەد لە نێو قەفەسی تۆمەتباراندا دەرکەوتووە، لە کاتێکدا سەری تاشرابوو و بەراورد بە پێشتر، زۆر لاواز ببوو.
فەخرەدین عەریان، دادوەری کەیسەکە، لیستی تۆمەتەکانی ئاراستەی وەسیم ئەسەد کرد، کە بریتین لە: "پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی دوو گرووپی چەکداری، هاندانی کوشتن و تووندوتیژی لە رێگەی لێدوان و بڵاوکراوەوە، قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە ناوەوە و دەرەوەی سووریا، هەروەها بەکارهێنانی ناوی بنەماڵەی ئەسەد بۆ تاڵانی و سەرانەسەندن."
هەر لەو دانیشتنەدا، وەسیم ئەسەد تۆمەتبار کرا بە دابینکردنی "چەک، تەقەمەنی و پشتگیریی لۆجستی" بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەی "غوتەی رۆژهەڵات" کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل. دادوەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کردەوانە وەک "تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێن.
لە بەرامبەردا، وەسیم ئەسەد لەبەردەم دادوەردا تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانە پەیوەندییان بەوەوە نەبووە و تەنیا وەک "ناوبژیوان" لە نێوان گرووپەکاندا کاری کردووە.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە، دوو مانگ لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پرۆسەی دادگاییکردنی بەرپرسانی پێشووی رژێمی ئەسەدیان دەستپێکردووە، لەنێویاندا بەشار ئەسەد و ماھیر ئەسەدی برای، کە بەبێ ئامادەبوون دادگایی دەکرێن.
وەسیم ئەسەد پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی و دەرکەوتنی بە جلی سەربازییەوە دەناسرایەوە. لە ساڵی 2023دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاند و وەک "کەسایەتییەکی سەرەکی لە تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیی مادەی هۆشبەر" ناوی برد.
دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا بەڵێنیانداوە دادپەروەری جێبەجێ بکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەن کە لە سەردەمی ئەسەدا دەستیان لە تاواندا هەبووە. بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەحمەد حەسوون، موفتی پێشووی سووریاش لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.
.jpg&w=3840&q=75)


