رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا رایدەگەیێنێت، تەنگژەی لوبنان گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار ئاڵۆز و چەقبەستوویی سیاسی و مرۆیی لێ کەوتووەتەوە. ئاشکراشی کرد، سووریا دیدگەیەکی نوێ و جیاوازی بۆ چارەسەر پێشنیاز کردووە کە لە پێشینەی کارەکانی، راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و بۆردوومانەکانە.
ئەحمەد شەرع، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-06-2026، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نەخشەڕێگەیەی سووریا لە ناو گفتوگۆ و دانوستاندنــەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا خراوەتە روو. ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت چارەسەرەکان لە چوارچێوەی "پاکێجێکی گشتگیر"دا بن کە لایەنە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە.
"میدیا بەهەڵە راڤەی بۆ قسەکانی ترەمپ کردووە"
ئەحمەد شەرع، لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ کەناڵی (مەشهەد) روونی کردەوە، لوبنان ئێستا لە ناو شەڕێکی فراواندایە و ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی سنوورەکانی سووریا دروست کردووە، بەتایبەتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبوڵڵا لە دەشتی بیقاع.
گوتی: "چارەسەر لە لوبنان ناتوانێت تەنیا سەربازی بێت، بەڵکو دەبێت رێڕەوە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان دووبارە بکرێنەوە تاوەکو هاوسەنگی بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا بگەڕێتەوە."
لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەرع ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لە میدیاکان بە هەڵە راڤەیان بۆ قسەکانی کردووە. ئەو روونی کردەوە کە واشنتن باس لە رۆڵێکی ئەرێنیی سووریا دەکات لە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی لوبنان دا، نەک دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ. "سووریا هیچ بژاردەیەکی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی نییە و تەنیا پاڵپشتی لە سەقامگیری و سەروەریی خاکی لوبنان دەکات."
ستراتیژیی بووژانەوە و هاوئاهەنگیی ناوچەیی
سەرۆککۆماری سووریا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئێستا لە قۆناخــێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی دامەزراوەکاندایە، دەرگای سووریا کراوەیە بۆ هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، ئوردن و بەحرێن. شەرع گوتی: "چیدیکە پشت بەستن بە یەک میحوەر یان یەک دەوڵەت دادی کێشە ئاڵۆزەکان نادات."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دیمەشق و بەیرووت، شەرع گوتی: "ئێمە وەک هاوبەشێکی سروشتی سەیری لوبنان دەکەین؛ جوگرافیا و مێژوو وای کردووە بەیرووت ببێتە دەروازەی دەریایی دیمەشق و تەرابلوسیش ببێتە دەروازەی حومس. گواستنەوەی بیرکردنەوە لە چارەسەری سەربازی بۆ چارەسەری ئابووری، تەنیا بژاردەی راستەقینەیە."
هەڵوێست بەرامبەر حیزبوڵڵا و جەنگی ئەمریکا-ئێران
لەبارەی حیزبوڵڵاوە، ئەحمەد شەرع بە راشکاوی گوتی: "دەستوەردانی حیزبوڵڵا لە سووریا بڕیارێکی هەڵە بوو و شوێنەواری پڕ لە ئازاری جێهێشت، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی جەنگ لە لوبنان." ئەو داوای کرد کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی لوبنان بگیرێت، بە ژینگەی شیعەشەوە، چونکە پاراستنی ئەوان لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدایە.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن، سەرۆککۆماری سووریا پێی وایە، هەر پێکدادانێکی سەربازی تەنیا زیانی دوولایەنەی لێ دەکەوێتەوە و هیچ ئەنجامێکی راستەقینەی نابێت؛ بۆیە داوای وەستانی گوشارە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندنــی کرد.
ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە: "ئێمە ئەوەندە ئازایەتیمان هەیە کە ئەگەر بمانەوێت بچینە ناو جەنگێکەوە بە ئاشکرا رایبگەیێنین، بەڵام ئێمە تەنیا خێر و خۆشی و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی لوبنان دەخوازین و رۆڵی سووریا تەنیا ئەرێنی دەبێت."



