رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکان لە دیمەشق یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی ئەحمەد حەسوون، موفتیی پێشووی سووریای بەڕێوەبرد. ئەحمەد حەسوون بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ، تاوانی دژە مرۆڤایەتی و هاندانی کوشتن" رووبەڕووی دادگە کرایەوە.
دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی داواکاری گشتیی سووریا، نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سووریا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو. ئەمە بەشێکە لەو پڕۆسە یاساییەی کە دادگەکانی سووریا دەستیان پێکردووە بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکدا کە ناویان لێناوە "دادپەروەریی راگوزەر."
تۆمەتەکان.. لە قۆستنەوەی پلە و پۆستەوە تاوەکو هاندانی جەنگ
دادوەر فەخرەدین مستەفا عەریان، سەرۆکی دادگەی تاوانەکانی دیمەشق، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا لیستی تۆمەتەکانی ئاراستەی ئەحمەد حەسون کرد.
دیارترین تۆمەتەکان ئەمانە بوون:
- تۆمەتبارکردنی بەوەی کە ناونیشانی (موفتیی کۆمار)ی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و دروستکردنی پەیوەندیی دەرەوی چوارچێوەی فەرمی لەگەڵ سەرانی رژێمی پێشوو و دەزگا هەواڵگرییەکان بەکارهێناوە.
- تۆمەتبارکردنی بەوەی کە لە گوتار و وانەکانیدا بۆ سەربازانی رژێم، هانی داون هێز دژی مەدەنییەکان بەکاربهێنن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب و ئیدلب.
- تۆمەتبارکردنی بە پشتیوانیکردنی فەرماندە سەربازییە تێوەگلاوەکان لە تاوانی جەنگ و پێدانی شەرعییەت بە دەستوەردانی سەربازیی دەرەکی کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس.
تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئەورووپا
عومەر مەحموود رادی، نوێنەری داواکاری گشتیی سووریا لەکاتی دادگەیی کردنەکەدا تیشکی خستووەتە سەر لێدوانێکی پێشووی ئەحمەد حەسون کە تێیدا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەورووپا کردبوو. داواکاری گشتیی سووریا گوتی، "حەسون لە ساڵی 2011دا رایگەیاندبوو کە "ئەگەر ئەورووپا مووشەک بگرێتە سووریا، رۆڵەکانی سووریا و لوبنان لە نێو ئەورووپا دەبنە خۆکوژ." بە گوتەی داواکاری گشتی، ئەم لێدوانە ئەحمەد حەسون دەخاتە خانەی "هاندەر بۆ کوشتنی بە ئەنقەست."
سزا چاوەڕوانکراوەکان بۆ موفتیی پێشوو
دادگەی تاوانەکانی دیمەشق رایگەیاندووە، ئەم تۆمەتانە بەپێی یاسای سزادانی سووریا و ەێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، وەک "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێن. بەپێی راگەیێندراوی دەستووریی ساڵی 2025ی سووریا، "ئەم جۆرە تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات یان لێبوردنی گشتی کۆتاییان نایەت و تۆمەتبار ناتوانێت لێیان دەرباز بێت."
ئەحمەد حەسون کە لە مانگی ئاداری 2025 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریاوە دەستگیرکراوە، ئەمڕۆ یەکەمین دانیشتنی دادگەیی کردنی بوو، بەڵام دادوەر هیچ بڕیارێکی لەبارەیەوە نەدا و دانیشتنەکەی بۆ 16ی تەممووز دواخست.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)

