بەشار ئەسەد بۆ دەربازبوون لە سزاکانی رۆژئاوا بەرپرسە سەربازییەکان دەگۆڕێت

10-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ دەربازبوون لەو سزایانەی بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بەسەر بەرپرسانی حکومی و سوپای سووریادا سەپاندوویانە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا ژمارەیەک بەرپرسی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی ئەوانەی سزای رۆژئاوایان بەسەردا سەپێنراوە دیاری دەکات. ئەو بەرپرسانەی سزای رۆژئاوایان بەسەردا سەپێنرابوو، بەرپرسن لە تووندوتیژی و سەرکوتکاری دژی هاووڵاتییانی سووریا.
 
ئەو سزایانەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بەسەر بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی سووریادا سەپاندوویانن، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەمکردنەوەی تووندوتیژی و سەرکوتکارییەکان نەبووە. هیچ بەرپرسێکی سەربازی حکومی سووریاش نەبراوەتە دادگە. کاریگەرنەبوونی ئەو سزایانەش سەری بۆ ئەوە کێشا وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە 19ی ئایاری ئەمساڵ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە.
 
ئێستا کە شەڕی نێوخۆی سووریا پێی ناوەتە ساڵی 12ـەوە، بەشار ئەسەد هەوڵ دەدات بۆ دەرچوون لە سزاکانی رۆژئاوا، بەرپرسی نوێ لە هێزەکانی ئاسایش و سوپای وڵاتەکەدا دابمەزرێنێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتوونەتەوە. بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتی ئەمساڵیش لەلایەکی دیکەوە وەک بیانوویەکی باش لەلایەن بەشار ئەسەدەوە بەکارهێنرا بۆ لابردنی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، سزای ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا بەسەریدا و هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی.
 
لە سەرەتای هەموو ساڵێکدا بەشار ئەسەد بڕیار دەردەکات بۆ دیاریکردنی پلە و پۆستی نوێ لە نێو سوپای سووریادا. پرۆسەکە خانەنشینکردنی بەرپرسانی بەتەمەن و پلە بەرزکردنەوەی ژمارەیەک ئەفسەری دیکە لەخۆدەگرێت. بەشار ئەسەد ئەم رێگەیە بەکاردەهێنێت تاوەکو ئەو بەرپرسانەی لەلایەن رۆژئاواوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە دووربخرێنەوە و لە جێگەیان ئەفسەر و بەرپرسی نوێ دابنرێ. 
 
بەڵگەنامەیەکی سەرۆکایەتیی سووریا دزەی کردووە کە پلە و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانی سوپای سووریا ئاشکرا دەکات. بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە لە 30 بەرپرسی سەربازی کە ئێستا لە پلەی باڵای سوپای سووریادان، تەنیا دوو کەسیان سزای رۆژئاوایان لەسەرە، ئەوانیش سوهەیل حەسەن و ساڵح عەبدوڵڵان.
 
لە تشرینی یەکەمی 2022دا ئەمریکا 3 بەرپرسی سەربازی بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە هێرشی کیمیایی ساڵی 2013 بۆ سەر غووتەی رۆژهەڵات لە سووریا خستە لیستی رەشەوە، بەڵام لەو کاتەدا ئەو سێ بەرپرسە خانەنشین ببوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە