رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى رایگەیاند، بڕیارى داخستنى مزگەوتەکان و رێگرى لە ئەنجامدانى نوێژى جەژن و هەڕەشەى سزادان لە گوتارخوێنان "پێشهاتێکى مەترسیدارە". داواشی کرد بڕیارى دامەزراوە فەرمییەکان و دەستە شەرعییەکان سەربەخۆ بن و لە کارتێکردنى سیاسی و حیزبى بپارێزرێن.
ئەو هەڵوێستەى خەمیس خەنجەر، لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە 31ى ئادارى 2025 لەبارەى ناکۆکی لەسەر یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان بڵاویکردەوە.
خەمیس خەنجەر، کە سەرۆکایەتى یەکێک لە لایەنە سیاسییە سوننەکانى عێراق دەکات، ئاماژەى بەوە داوە، ئەوەى لەبارەى بیبینى مانگى شەوال و دەرهاویشتەکانى روویاندا وادەکات پێداچوونەوەیەکى شەفافانە بکرێت بە چەند یاسایەک.
دەستەى زانایانى موسڵمان لە عێراق 30ى ئادار و وەقفى سوننە، 31ى ئادارى وەک یەکەم رۆژى جەژن دیاریکرد، ئەگەرچى هەردوو دامەزراوەکە سەر بە مەزهەبی سوننەن.
سەرۆکى پارتى سەروەرى دەڵێت "بڕیارى داخستنى مزگەوتەکان و رێگرى لە ئەنجامدانى نوێژى جەژن و هەڕەشەى سزادان لە گوتارخوێنان و ناچارکردنى نوێژخوێنان بەوەى لە دەرەوى مزگەوتەکان نوێژ بکەن پێشهاتێکى مەترسیدارە و تەنیا لە ماوەى داگیرکاریی ئەمریکا روویداوە".
وەقفى سوننە رێگریکرد لەوەى 30ى ئادار نوێژى جەژن لە مزگەوتەکان بکرێت و دەرگاى بەڕووى ئەو نوێژخوێنانە داخست، کە لەسەر بڕیارى دەستەى زانایانى موسڵمان ئەو رۆژەیان کردبووە یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان.
خەمیس خەنجەر داوای کرد، بڕیارى دامەزراوە فەرمییەکان و دەستە شەرعییەکان سەربەخۆ بن و لە کارتێکردنى سیاسی و حیزبى بپارێزرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ