رووداو دیجیتاڵ
کێشمەکێش و هەرا لەسەر چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە
عێراقدا تاوەکو ئێستا لە ئاستی قسەکردندا ماوەتەوە و نەبووەتە کردار؛ لە هەمان
کاتدا لایەنی سێیەم هاتوونەتە سەر هێڵ تاوەکو لە نێوان بڕیاری حکومەت و رەتکردنەوەی
گرووپەکاندا بژاردەیەکی مامناوەند بدۆزنەوە.
حکومەتی عێراق بەبەردەوامی جەخت لەسەر پێویستیی دەستبەسەرداگرتنی چەک و
گەڕاندنەوەی بۆ ژێر چەتری دەسەڵاتی دەوڵەت دەکاتەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانەوە بە
رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەو گرووپانەی وەڵامی داواکارییەکەی حکومەتیان
داوەتەوە شەش گرووپە و هەندێکیان ناسراون. تاوەکو ئێستاش گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ
گرووپەکانی دیکە و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە؛ هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەوە
کۆکن کە پێویستە ئەو گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجام و سەروەریی دەوڵەت
بچەسپێندرێت."
بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، پەنا بۆ بەشێک لە کەسایەتییە دەرەکییەکان براوە کە
پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەدا هەیە.
حوسام روبێعی، وتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری بە رووداوی گوت: "داوا
لە لایەنی دەرەکی کراوە کە خۆی لە هەندێک کەسایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا
دەبینێتەوە. چەند گرووپێک هەن کارەکانیان تەواو بووە و ئامادەن بێنە ژێر ئەو
بڕیارەوە، بەڵام بە نهێنی و بەبێ راگەیاندن. چاوەڕوان دەکەین گرووپەکانی دیکەش
هەمان هەڵوێستیان هەبێت."
لەبەر ئەوەی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لە هەردوو بەرەی دژبەر و لایەنگری
چەکداماڵین پێکدێت، هاونیشتمانیان بە گومانەوە دەڕواننە توانای دەوڵەت بۆ
کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان.
حەیدەر کازم، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی بەغدایە و بە رووداوی راگەیاند:
"حکومەت ناتوانێت سەرکەوتوو بێت مەگەر دەستێوەردانی دەرەکی لە وڵاتێکی دیکەوە
هەبێت، چونکە پێکهێنەرەکانی خودی حکومەت گرووپە چەکدارەکانن."
هاوکات ئیبراهیم ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی گوت:
"باشترە چەکەکان لە دەستی دەوڵەتدا بن تاوەکو وڵاتێکی بەهێز و هێزێکی
یەکگرتووی حکومیمان هەبێت، ئەمە لەوە باشترە بەرەوڕووبوونەوە لە نێوان گرووپەکان و
دەوڵەتدا دروست ببێت."
سەعید محەمەد، هاونیشتمانییەکی دیکە جەختی لەسەر ئاڵۆزیی بابەتەکە کردەوە و
بە رووداوی گوت: "حکومەت خۆی لە کۆمەڵێک گرووپی چەکدار و حیزبی جیاواز
پێکهاتووە، بۆیە ئەو کارە قورسە و رەنگە خوێنڕشتنی تێدا بێت."
نادیاریی کەسی یەکەمی هەندێک لە گرووپەکان و دروستکردنی دەیان گرووپی نوێ
بە ناوی وەهمی، ئەرکی حکومەتی زەیدی قورستر کردووە. لە کاتێکدا حکومەت بە راستەوخۆ
و ناڕاستەوخۆ لە گفتوگۆدایە، گرووپەکانیش بە توندی دەستیان بە چەکەکانیانەوە
گرتووە و شەقامی عێراقیش لە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە دڵنیا نییە.

