رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان لە شاری بەغدا لەگەڵ نوێنەری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پێشوازیان لە ئایەتوڵڵا موحسین قومی، نوێنەری تایبەتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و شاندێکی یاوەری کرد.
کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی هومام حموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەڕێوەچوو، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی بوو، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتی و رێگەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگیی سیاسی کراوە، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
جگە لە زەیدی، هەریەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عێراق، عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، عامر فایز و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە شیعەکان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.


